توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، رەنگە پەنیر یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی پرخەپرخ و باشترکردنی خەو.
لێکۆڵینەوەکەی ئەم دواییە کە لە لایەن پسپۆڕانی زانکۆی چێنگدو لە چین ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە پەنیر یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی پرخەپرخ لە رێگەی زیادکردنی رێژەی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و دابەزاندنی پەستانی خوێن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی بۆریی هەناسە لەکاتی خەوتندا.
توێژینەوەکە لەسەر 400 هەزار کەس ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە رەنگە پەنیر یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی یەک لەسەر سێی مەترسییەکانی هەناسەدان لە کاتی خەودا.
توێژەران پشتڕاستیان کردەوە کە خواردنی بڕێکی زۆرتر لە پەنیر 28%ی ئەگەری نەمانی هەناسەدان لە خەودا کەمدەکاتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەو کەسانەی کە لەکاتی خەودا پرخەپرخ دەکەن پێشتر ئامۆژگاری دەکران بەوەی پێش خەوتن خۆیان لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەدوور بگرن، لەنێویاندا پەنیر، ئەمەش بەهۆی ئەو باوەڕەی کە پێی وابوو پەنیر بەرهەمهێنانی بەڵغەم زیاد دەکات و دەبێتە هۆی گیرانی بۆریی هەناسە.