لیژنەی باڵای ئەمنی: دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و نایاساییدا دەگیرێت

لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاریدا بە دەست بەسەرداگرتن و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە سوارڕەوێکی نایاسایی.

دەقی بڕیارەكە:

ئاگادارییەک لە لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی

بۆ ڕای گشتی

ئاشکرایە لەلای هەمووان کە لەئێستادا بوونی سوارڕەوی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام رەش بەشێوەیەکی نایاسایی خەریکە دەبێتە دیاردەیەک لەسەر شەقامەکان کە بێگومان رەنگدانەوەی نەرێنی دروست دەکات لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی، بەدەر لەوەش لە رووی ئەمنی و یاسایی و تاوانکارییەوە کاریگەریی خراپ و لێکەوتەی مەترسیداری هەیە، لە چوارچێوەی ئەم راستییە لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بە:

1- دەست بەسەرداگرتن و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە سوارڕەوێکی نایاسایی، (( بۆ خاوەنەکانیان هەیە کە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان)) وە سەرجەم بازگەکان دەستکراوە دەبن و رێگەنادەن دوای بڵاوکردنەوەی ئەم بڵاونامەیە لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک هیچ جۆرە سوارڕەوێکی بێ سەرەتا بێتە ناو شاری سلێمانی.

2- گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە سوارڕەوێک کە هەڵگری تابلۆی ساختە و نایاسایی بێت.

3- هیچ رێگەپێدان و نووسراوێک لەهەر لایەنێک جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆوە دەرکراوە کاریان پێناکرێت.

4- جێبەجێکردنی ئەم بڵاونامەیە گوزارشت دەکرێت لە رۆژی بڵاوکردنەوەی، وە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەپاندنی باری ئارامی و سەروەریی یاسا و نەهێشتنی هەموو دیاردە دزێوەکان، داواکارین لەم پرسەدا دەزگاکانی راگەیاندن هاوکارمان بن شان بە شانی ئەوانیش هاوڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویست.

لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی
2024/12/3

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا کۆبوونەوە

بابەتی دواتر

492 پارچە زەویی لە سلێمانی بەسەر زیندانییانی سیاسیدا دابەشكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share