مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کار بۆ بردنە دەرەوەی خەڵکەکەمان لە ناوچەکانی تەلرەفعەت و شەهبا بەرەو ناوچەیەکی سەلامەت دەکەین.
مەزڵوم عەبدی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووداوەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی خێرا و لەناکاو پەرەیانسەند، ئێمە ویستمان رێرەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە حەلەب و تەلرەفعەت بکەینەوە، بەڵام هێرشی گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانکراو لەلایەن تورکیاوە ئەو رێرەوەیان بڕی.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چەند شوێنێک هێزەکانمان بەرەنگاری چەند هێرشێکی چڕ بوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی رووخان و کشانەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب هێشتا لە حاڵەتی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریدان.
جەختیشیکردووەتەوە، کاردەکەین و لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ هێنانەدەرەوەی خەڵکەکەمان لە ناوچەکانی تەلرەفعەت و شەهبا و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی سەلامەت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.