هێنانەوەی تەرمی 16 کۆچبەری کورد دواخرا

بڕیاربوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە تەرمی 16 کۆچبەری دیکەی کورد لە فەرەنساوە بگاتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێناوەی تەرمەکانیان بۆ دووەمجار دواخرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشتری حکومەتی هەرێم تەرمی ئەو 16 کۆچبەرە کوردە دەبوو  لەکاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام هێنانەوەیان دواخراوە و گرفتەکەش بۆ دۆخی کەشوهەوا گەڕێنراوەتەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەھۆی دۆخی کەشوھەوا نەتوانرا تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە و گەشتەکە بۆ کاتژمێر 1:00ی بەرەبەیانی 27ی ئەم مانگە دواخراوە.

ئەو کۆچبەرانە لە ڕووداوی نوقم بوونی بەلەمەکەیان لە ڕێکەوتی 27ی تشرینی دووەم لەکەناڵی مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خنکان، دوای ناردنی نمونەی خێزان و کەسوکارەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بەپشکنینی (DNA) ناسنامەکانیان یەکلاییکرانەوە.

لەهەفتەی ڕابردوودا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی 24ی ئەم مانگە تەرمی 16 کۆچبەر دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر دواخرا بۆ ئەمڕۆ و بەهۆی ڕەوشی کەشوهەواوە ئەمڕۆش جارێکی دیکە هێنانەوەی تەرمەکانیان دواخرا.

پێشتریش تەرمی چەند کۆچبەرێکی دیکەی هەمان ڕووداو کە ناسنامەیان یەکلاییکرابووەوە گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان.

پێشتر سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری کۆچبەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، کە بەرلە سەری ساڵی نوێ تەرمی ئەو کۆچبەرانەی دیکە دەگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان کە ناسراونەتەوە.

 

بابەتی پێشتر

بەهۆی نزمبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرماوە کەشناسی هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

بابەتی دواتر

بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران لە ئاوەكانی یۆنان ژێرئاوكەوت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share