وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر کەشوهەوا گونجاو بێت، کارکردن لە پرۆژەکاندا بەردەوام دەبێت.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە وەرزی زستاندا ئەگەر کەشوهەوا گونجاو بێت، کارکردن لە پرۆژەکاندا بەردەوام دەبێت، لە ئێستاشدا کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ لە سلێمانی بوونی هەیە کە کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی شارەکە و ئاسانکردنی هاتوچۆ دەبێت.
وتیشی، “لەوانە پڕۆژەی بەرزەپردی (حەپسەخانی نەقیب) لە قۆناغەکانی کۆتایدایە و پێشبینی دەکەن لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕووی هاوڵاتییاندا بکرێتەوە، هەروەها پڕۆژەی ئەندەرپاسی (والی) کە دەکەوێتە سەر شەقامی هەواری شار”.
بەمدواییە بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دیکە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بەناوی یەکتربڕی “تۆفیق وەهبی” دانرا، کە دەبێتە یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی شاری سلێمانی، زەردەشت رەفیق وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، شەقامی 100 مەتریی سلێمانیش بەردەوام کاری تێدادەکرێت و لەئێستاشدا %65ی کارەکانی تەواوبووە.