ئەڵمانیا کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکات بۆ پەرەپێدانی کەشتی نوێی سیخوڕیی سەربازی بۆ سوپاکەی.
ماڵپەڕی Armyrecognition لە بابەتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمپانیای ئەڵمانیی NVL Group دەستیکردووە بە دروستکردنی یەکەم کەشتی سەربازی جۆری 424 کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سیخوڕی دیاریکراوە، و بڕیارە هێزی دەریایی سوپای ئەڵمانیا 3 کەشتی لەم جۆرە پێبدرێت.
ماڵپەڕەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، دەستەی کڕین لە هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا گرێبەستێکی لەگەڵ گروپی NVL واژۆکردووە بۆ دروستکردنی 3 کەشتی جۆری 424 بۆ سوپای ئەڵمانیا یەکەم کەشتی بڕیارە لە ساڵی 2029 رادەستی سوپای ئەڵمانیا بکرێت، کەشتی دووەمیش لە ساڵی 2030 و کەشتی سێهەمیش لە ساڵی 2031.
بڕیارە ئەو کەشتییە نوێیانە جێگەی ئەو کەشتییە کۆنانەی جۆری 423 بگرنەوە کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بۆ سوپای ئەڵمانیا خراوەتە خزمەتەوە و بۆ سیخوڕی دەریایی و چاودێریکردنی سیگناڵی رادیۆیی کەشتییە جەنگییەکانی دیکە بەکاردەهێنرێن.
جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا ئەڵمانیا تایبەتمەندییەکانی کەشتییە نوێیەکانی جۆری 424ی ئاشکرانەکردووە، بەڵام زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە درێژی هەر کەشتییەک نزیکەی 132 مەتر دەبێت، هاوکات ئەو کەشتییانە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو وەردەگرن کە یارمەتیان دەدات چاودێریی سیگناڵەکان بکەن لە رادار و ئامێرە بێ وایەرەکانی پەیوەندیکردن، لەلایەکی دیکەوە هەستەوەری دەنگی و بینراو وەردەگرن کە توانای چاودێریکردنی جۆرە جیاوازەکانی ئامانجە دەریاییەکانیان پێدەدات.