بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پابەندیی خۆمان بە پشتگیریکردن، پاراستنی مافەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی ژنان دووپات دەکەینەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، “جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و تەندروستتر دەکەینەوە تاوەکو ژنانی کوردستان بەشداریی زیاتر و چالاکانەتریان هەبێت لە ناوەندەکانی بەڕێوەبردن و رۆڵی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی وڵات و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتردا بگێڕن.”
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختدەکاتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە هەمیشە پاڵپشتی ژنان و هەوڵە بێوچانەکانیان بووە لەپێناو بەگژداچوونەوەی توندوتیژی، هێنانەکایەی دادپەروەری و کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر. باوەڕی تەواوی بە رۆڵ و تواناکانی ژنان هەبووە و بەشێکی کاریگەربوون لە ئۆرگانەکانی حزبدا. بێگومان لە داهاتووشدا بە هەمان بڕوا و رۆحییەتەوە کاردەکەین و ژنان هاوکار و هاوشانمان دەبن بۆ هەنگاونان بەرەو کوردستانێکی ئاوەدانتر و خۆشگوزەرانتر.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا ئەوە هاتووە، ئەوەی لەم رۆژەدا پێویستە جەختی لێبکەینەوە، باوەڕی نەگۆڕمانە سەبارەت بە بەگژداچوونەوە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەهەرشێوەیەک دەبنە مایەی هەراسانکردنی ژنان و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان. لە هەر شوێنێک پێشێلکاری هەبێت، رووبەڕووی دەبینەوە و هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر. چونکە پێمانوایە هیچ دادپەروەری و یەکسانییەک لە کۆمەڵگەدا نایەتەدی، ئەگەر ژنان لە ئاشتی و سەقامگیریدا نەبن و هەڕەشە لەسەر ماف و خواستەکانیان بێت.