لەبارەی قۆناغی سێیەمی سەرژمێری وەزارەتی پلاندانان داوایەک لە هاوڵاتییان دەکات

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم داوا لە هاوڵاتییان دەکات هاوشێوەی قۆناغی دووەم بەشداری لە قۆناغی سێیەمی سەرژمێریدا بکەن.

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ” له‌ ماوه‌ى ته‌نها 14 ڕۆژدا سه‌ره‌ڕاى بوونى ده‌يان ئاسته‌نگى ته‌كنيكى و كێشه‌ى مه‌يدانى توانرا قۆناغی دووەمی سەرژمێری بەسەرکەوتووی جێبەجێبکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتيیانى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 وێنه‌يه‌كى جوان و پر مانايان نيشاندا كاتێک به‌ هه‌زاران خێزان گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆيان بۆ به‌شداريكردن له‌ سه‌رژمێرى له‌ شه‌نگال ، مەخمور، كه‌ركوك و خانه‌قين و ناوچه‌كانى دیکە و كوردستانیبوونى ئه‌و ناوچانه‌یان دووپاتكرده‌وه‌.

 

داوایشیکرد، به‌ كردار بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و ماندووبوون و زه‌حمه‌ته‌ى كێشرا له‌لايه‌ن هاوڵاتیيان به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شدارى بكه‌ن له‌ قۆناغى پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمى سه‌رژمێرى، چونكه‌ قۆناغى رابردوو ته‌نها ژماره‌ى خێزان و ئه‌ندامانى نيشانده‌دات له‌گه‌ڵ چه‌ند زانيارييه‌كى دیکەی به‌سوود، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى سوودى ته‌واو وه‌ربگيرێت له‌و پڕۆسه‌ گه‌وره‌يه‌ پێويسته‌ فۆڕمى ووردى سه‌رژمێرى پڕ بكرێته‌وه‌، تاوەكو بتوانين بارودۆخى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و په‌روه‌رده‌يى و ته‌ندروستى و ديموگرافى و بواره‌كانى تر بزانين، له‌ئه‌نجامدا سوودى يه‌كجار گه‌وره‌ى ده‌بێ بۆ هاوڵاتیيان له‌ رووى دابينكردنى خزمه‌تگوزارييه‌ سه‌ره‌تاييه‌كان و دانانى پلانى پته‌و بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانى خزمه‌تگوزارى.

سەبارەت بە هاوڵاتییانی سنووری ماددەی 140 داوایکرد، ئاماده‌بن بۆ ئه‌و قۆناغه،‌ چونكه‌ زۆر گرنگه‌ بۆيان و بۆمان تاوەكو بتوانين خاڵى سه‌ره‌كى رێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ جێبه‌جێبكه‌ين سه‌باره‌ت به‌ له‌يه‌ك به‌ستنى (مقاطعة) داتاكانى سه‌رژمێرى (2024) له‌گه‌ڵ سه‌رژمێرى ساڵى (1957) و دروستكردنى تۆمارى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ماى جياكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى ره‌سه‌ن له‌گه‌ڵ هاتوو و خه‌ڵكى دیکە، بۆيه‌ بوونى ئه‌ندامێكى خێزان له‌و ناوچانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و فۆڕمه‌ يه‌كجار گرنگه‌.

بابەتی پێشتر

چی لەبارەی سوودەکانی چای ماچاوە دەزانیت؟

بابەتی دواتر

نوێترین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی وانەبێژە دوورخراوەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share