بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان دوو كەسیان دەستگیركرد كە شەوی رابردوو لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر، بە شێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان كردبوو، دەشڵێت، “هەر كەسێك لە شاری هەولێر بیەوێت ئارامیی شار تێكبدات و ئاژاوە بنێتەوە، دەدرێتە دادگا”.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە شەوی رابردوو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لەناو شاری هەولێر لەسەر شەقامی 60 مەتری تەقەیان كردبوو.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بۆمان دەركەوت كە ئەو دوو تۆمەتبارە لەناو ئۆتۆمبلێكی جۆری (تاكسی) بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و نابەرپرسیارانە لەسەر شەقامی ئاماژەپێكراو تەقەیان كردووە و گوللەیەك بەر پەنجەرەی یەكێك لە تاوەرەكانی نیشتەجێبوون كەوتووە”.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر باسی لەوەشكردووە، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێكۆڵینەوە، تۆمەتبارانی ناوبراو دەستگیركران و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كرایەوە و درانە دادگا.