بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایدەگەنێت، لە كاتژمێر 11ی ئەمشەوەوە بەهەموو شێوەیەك هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل و ماتۆرسكیل و هەر جۆرێكی دیكەی گوێزەرەوە قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە، بەمەبەستی پاراستنی سەر و ماڵ و موڵكی هاوڵاتییان هێزەكانیان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و قەزای بازیاندا، هۆشداریی توند دەدەنە هاوڵاتییان و شۆفێران كە لە كاتژمێر 11:00ی ئەمشەوەوە بەهەموو شێوەیەك هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل و هەر جۆرێكی دیكە گوێزەرەوە قەدەغەیە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كاتژمێر 10:00ی ئەمشەوەوە هێزەكانی ئاساییش و مەفرەزەكانیان بەناو شاردا بڵاوەدەكەن و رێوشوێنی توند دەگرنەبەر و لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكەن كە لە دەرەوەی ماڵەكانیانن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی داوا دەكات هاوڵاتییان لەو كاتەی دیاریكراوە تاوەكو كۆتاییهاتنی پڕۆسەی سەرژمێریی پابەندبن بە بڕیارەكانەوە و لە ماڵەكانیان بمێننەوە، بەپێچەوانەوە هەركەسێك و بە هەر جۆرە بیانوویەك لە دەرەوە بێت، رێوشوێن و لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا دەكرێت.