بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و سبەینێ ناسەقامگیرییەک لە کەشوهەوا روودەدات و بارانبارین زۆرینەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، لەکاتەکانی شەودا کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆ هەندێک لە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ کەمێک بەفر بارین لەم ناوچانە، پێشبینی تاوە باران و بروسکەی کەم مەودا بۆ هەندێک لە ناوچەکانی باشووری شاری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەکرێت.
ئاشکراشیکرد، سبەینێ سێشەممە ناسەقامگیریی ئاسمان بەردەوامی دەبێت بە شێوەی نمە بارانی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای هەڵەبجە، پاشان کاریگەری بە لاوازی لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەشێوەی نمە بارانی پچرپچر دەمێنێتەوە.