بڕیاردرا لە کاتژمێر 12ی شەوەوە سەرجەم کافتریا، هۆڵەکانی بلیارد و سەنتەری گەیمەکان دابخرێن و هەر شوێنێکیش پابەند نەبێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت، سەردانی کافتریا و هۆڵەکانی بلیارد و سەنتـەری گەیمەکانیان کرد، لە پێنـاو رێگریکـردن لـە دیاردەی قومارکردن و سـەردانکردنی مێرد منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ بۆ ناو ئەو جێگایانە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە فەرمانی رەزا محەمەد، قائیمقامی قەزای سەیدسادق، لە پێناو پـاراستنی ئەمنیەتی قەزاکە سەرجەم ئەوشوێنانە ئاگادارکرانەوە لە سبەینێوە پێویستە لە کاتژمێر 12ی شەوەوە شوێنەکانیان دابخەن و کاری تێدانەکەن.
باس لەوەش دەکات، هەر شوێنێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە و دادەخرێت.