توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئاشکرایکردووە، سیستمی زیرەکیی دەستکرد، دەبێتە هۆی دەردانی گازی ژەهراوی گەورە کە زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی، توێژینەوەکە هۆشداریداوە لەوەی کە زیادبوونی وزەی پێویست بۆ راهێنان و کارپێکردنی مۆدێلی زیرەکیی دەستکردی ئاڵۆزتر، هەروەها گرنگیدانی فراوانتر بۆ بەکارهێنانیان، لێکەوتەی ژینگەیی جددی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
توێژەران باس لەوە دەکەن لەگەڵ گەشەکردنی سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد، کۆمپیوتەری زیاتر بەکاردەهێنرێت، ئەوەش پێویستی بە وزەی زیاترە، بۆ نموونە چات GPT ی ئێستای OpenAI دوو هێندە زیاتری هێزی وەشانی پێشوو بەکاردەهێنێت.
هەروەها تیمەکە پشتڕاستیان کردەوە کە راهێنانی مۆدێلی زیرەکیی دەستکرد پێنج هێندەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات کە لە کارپێکردن و دروستکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکییەوە دەردەچێت، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دەردانی گازی ژەهراوی پەیوەست بە زیرەکیی دەستکرد رەنگە ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار زیان بگەیەنێت، هەروەها داوای لە حکومەت و دەزگاکان کردووە شێوازەکانی پێوانەکردنی ئەو دەردانی گازی ژەهراوییە ستاندارد بکەن، و سنوورێک بۆ کاریگەرییە نەرێنییەکان دابنێن.
مێنگ ژانگ، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە لە زانکۆی ژێجیانگ لە چین دەڵێت، “گەشەسەندنی گەورەی تواناکانی زیرەکیی دەستکرد نیگەرانییەکی زۆر لەبارەی کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە دروستدەکات”.