بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ نرخی تەماتە دادەبەزێنێت

بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ تایبەت بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵات نرخی ئەو بەروبوومەی لە بازاڕەكانی هەرێم دابەزاند.

سەروەر عەلی، سەرۆكی لیژنەی سەندیكای كشتوكاڵی لە عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، نرخی تەماتە لە عەلوەكاندا زۆر دابەزیووە، پێشتر نرخی ئەو بەرهەمە لەنێوان هەزار و 100 دینار بۆ هەزار و 750 دینار بوو، ئێستا بۆ 300 تا 800 دینار دابەزیووە.

وتیشی، “دابەزینی نرخ پەیوەندی بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵەوە هەیە بە لابردنی باج لەسەر تەماتە كە 750 دینار بوو بۆ هەر كیلۆیەك و لابرا”.

سەروەر عەلی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری لابردنی باج تەنها تەماتەی گرتووەتەوە و، لە كۆتایی مانگی كانونی یەكەمی داهاتوو باج لەسەر خەیار، كولەكە و بیبەریش لادەبرێت و ئەوانیش نرخەكانیان دادەبەزێت.

بڕیارەكە لە رۆژی پێنجشەممەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەهۆیەوە نرخی هەندێك لە بەروبوومەكانی دیكەش دابەزینێكی كەمیان بەخۆیەوە بینییوە، سەرۆكەكەی سەندیكای كشتوكاڵی وای وت.

چوارشەممەی رابردوو بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، دوای بەدواداچوونیان بۆ بەرهەمی تەماتە لە سەرجەم سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆیان دەركەوت كە ئەم بەرهەمە لە بازاڕەكانی هەرێم كەمبووەتە و بەشی پێویستی هاوڵاتییان ناكات لەهەمانكاتدا نرخی بەرزبووەتەوە.

وتیشی، “لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی و پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بڕیارماندا بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵات و بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم لایەنە رەسمییەكانمان ئاگاداركردووەتەوە بۆ وەرگرتنی رێكاری پێویستی كارگێڕی و یاسایی”.

بابەتی پێشتر

ترەمپ سەگی رۆبۆت بۆ پاراستنی خۆی بەکاردەهێنێت

بابەتی دواتر

سەعدی پیرە: دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share