ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق بە زووترین كات مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرجبكات و جیاكاریی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەگرێتەبەر لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و رێكارە داراییەكان.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دوا بڕیاری خۆیدا، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندكردووە كە بەردەوامبێت لە خەرجكردنی مووچەی هەرێم تاكۆتایی ئەمساڵ و هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و لە ماوەی رابردوودا، سەرجەم كەموكورتی لیستەكانی مووچەیان راستكردووەتەوە و ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بۆ ئەوانەشی كە تائێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نییە، 20ی ئەم مانگە وەك دوا وادە دەستنیشانكراوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەكات كە بە زووترین كات، مووچەی مانگی 10 خەرجبكات و رێكاریی جیاكاریی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و رێكارە داراییەكان.