ئاژانسی هەواڵگریی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەك موشەك و سەكۆی موشەكهاوێژ لە پڕۆسەیەكی ئەمنییدا لە كەركوك دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئاژانسەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی كانونی دووەم لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، هێزەكانیان پڕۆسەیەكی هەواڵگرییان لە قەزای دوبز-ی پارێزگای كەركوك ئەنجامداوە و لە ئاكامدا دەستگیركراوە بەسەر دوو سەكۆی هەڵدانی موشەك و شەش موشەكی مەودا مامناوەند، سەرەڕای ژمارەیەك چەك و كەلوپەل و گولەدا.
هەروەك لە یەكێك لە ماڵە چۆڵەكانی گوندی سدرە-ی سەر بە قەزاكە دەست بەسەر ئامێری سەربازیی جیاوازدا گیراوە كە بە پێی ڕاگەیەندراوەكە كەلوپەل و چەكی گرووپەكانی داعش-ن.
لای خۆیەوە پۆلیسی فیدڕاڵی ڕایگەیاند، پاش بۆسەیەكی تۆكمە چەكدارێكی داعشی لە قەزای حەویجە-ی باشووری ڕۆژئاوای كەركوك دەستگیركردووە.