هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا.. گرنگترین هەنگاوەكان لە دەنگدانەوە تا سوێندخواردنی سەرۆك

بڕیارە پاش كەمتر لە 24 كاتژمێر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بەڕێوەبچێت، ئەو پرۆسەیەی پاش مانگ و نیوێكی دیكە بە سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی سەرۆك كۆتایی دێت.

بڕیارە سبەی سێشەممە 5ی تشرینی دووەم دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە 20ی ئەیلولی رابردووەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا (جگە لە هەرسێ ویلایەتی میسسپی، ئەلەباما و نیوهامشەر کە یاساکانیان رێگە بە دەنگدانی پێشوەخت نادەن) بەڕێوەچوو.

بەپێی ئەنجامی دوایین راپرسییەكان کامالا هێرس پێش دۆناڵد ترەمپ-ی رکابەری کەوتووە. بەوەش ئەگەر لە دەنگدانەكەی سبەینێدا سەركەوتن یەكلابكاتەوە دەبێتە یەکەم ژنی رەشپێست و یەکەم هاوڵاتی بە رەچەڵەک ئاسیایی کە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.

ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە چاوەڕوان دەكرێت هەرزوو دوای داخستنی ناوەندەكانی دەنگدان بەشێوەی ناڕەسمی ئاشكرابكرێن و، بردنەوەی ویلایەتەكان لەلایەن دوو پارتە ركابەرەكەوە هەرزوو نیشانیدەدات كام لە هێرس یان ترەمپ لەسەر كورسیی سەرۆكایەتیی داهاتووی وڵاتەكە دادەنیشن.

دوای ژماردنی دەنگەكان، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەنددەكرێن، سەرەتا لەسەر ئاستی ناوچەكان و دواتریش لەسەر ئاستی ویلایەتەكان.

پاشان بەرپرسی جێبەجێكاری ویلایەتەكە، كە بەشێوەیەكی گشتی حاكمی ویلایەتەكە دەگرێتەوە، راستاندن بۆ لیستی ئەو هەڵبژێردراوانە دەكات كە نوێنەرایەتیی ویلایەتەكان دەكەن لە كۆبەندی هەڵبژێردراو، ئەوانیش لە 17ی كانونی یەكەم كۆدەبنەوە بۆ دەنگدان و ناردنی بۆ واشنتن.

لە 6ی كانونی دووەمیش، كۆنگرێسی نوێی ئەمریكا لە دانیشتنێكی هاوبەشدا كۆدەبێتەوە بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردن، بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی ئێستا.

دوا هەنگاویش دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەڵبژێردراو دەبێت لە رۆژی دووشەممە 20ی كانونی دووەمی 2025 لە كاپیتۆڵی ئەمریكا و ئەوەش دەبێتە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی چل و حەوتەمین سەرۆك لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.

رێوڕەسمەكە هەمان رۆژ سوێندخواردن و بەڵێنی پابەندبوون بە دەستوور لەخۆدەگرێت، سەرەڕای پێشكەشكردنی وتاری دەستبەكاربوون.

بابەتی پێشتر

وەڵامێك لە میدیای یەكێتییەوە بۆ میدیای باڵی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی

بابەتی دواتر

لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک نزیکەی 100 کارمەند بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share