وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایدەگەیەنێت، “هەر كەسێك سیمكارتی تۆمارنەكراو بفرۆشێت بە بڕی سێ ملیۆن دینار سزادەدرێت”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، “دوای كۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی پێنجشەممە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت كۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، بەمەبەستی خێراكردنی رێوشوێنەكانی كۆنتڕۆڵكردنی فرۆشتنی سیمكارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆماركردن، لیژنە تایبەتمەندەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان راسپێردران كە رێكاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەك بگرنە بەر كە سیمكارت دەفرۆشن بێ پڕۆسەی تۆماركردنی یاسایی، لەمبارەیەوە سزای ژمارەیەك فرۆشگا درا و داخران و بەدواداچونی رۆژانەش بەردەوامە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئاگاداری هاوڵاتییان و فرۆشگا و بریكاری كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەكەین كە فرۆشتنی سیمكارت لە بازاڕ بێ تۆماركردن، دەرگاكردنەوە و دەرفەت دروستكردنە بۆ تاوانكاران تا بەو سیمكارتانە تاوان ئەنجامبدەن و هەوڵبدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە، ئەمەش بەشداریكردنە لە تاوان و وەزارەتی ناوخۆ رێكاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیان”.
روونیشیكردووەتەوە، بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی شەش لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە ( 8 ) ی ساڵی (2021) ی هەمواركراو، سەرپێچیكار بەرامبەر هەر سیمكارتێكی دەست بەسەرداگیراو بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت، “بریكارانی سەرەكی و لاوەكی فرۆشتنی سیمكارت پێویستە بە زووترینكات خۆیان لە وەزارەتی ناوخۆ/ بەرێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان/ بەرێوەبەرایەتیی كۆمپانیا ئەمنییەكان و مۆڵەتپێدان تۆماربكەن لە رێگای پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنییەوە”.