دەزگای لوتكە: لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 37 هەزار كۆچبەر روویان لە یۆنان كردووە

لە نۆ مانگی ئەمساڵدا نزیكەی 37 هەزار كۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە یۆنان و بەهۆی دۆخی ناوچەكەوە چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ ژمارەكە بەرزتر ببێتەوە.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی روویان لە یۆنان كردووە بە رێژەی 25% زیادیکردووە و کۆی گشتیی ژمارەی کۆچبەران نزیکەی 37 هەزار كەس بووە.

دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 50 هەزار کەس.

بەرپرسانی یۆنان نیگەرانن لە دەرئەنجامەکانی شەڕی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دوای فراوانبوونی لە بەرەی لوبنان و کاریگەرییەکانی لەسەر هەڵاتنی هاوڵاتییانی ناوچەكە لە بەڵا و هەژاری.

بەپێی میدیاكان، حکومەتی ئەسینا بیر لە دامەزراندنی شوێنی دەستبەسەرکردن لە دوورگەکانی رۆدس و کریت دەکاتەوە، دوای ئەوەی رێژەی كۆچبەر لە رێگەی دەریاوە زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە.

لەئاكامی ئەو زیادبوونەدا لە ئێستادا ناوەندەکانی کۆچبەران لە دوورگەکانی یۆنان بە توانای تەواو کاردەکەن، لەکاتێکدا دامەزراوەکانی سەر وشکانی بە نزیکەی 60%ی توانای خۆیان خراونەتە خزمەتەوە.

كۆچبەران زیاتر لە كەناراوەكانی توركیاوە خۆیان دەگەیەننە ئەو وڵاتە، هەروەها بەشێكی دیكەیان رێگاكانی باكووری ئەفریقا بەكاردەهێنن.

بەرپرسانی یۆنان بەدوای سیاسەتی توندتری کۆچبەریدا دەگەڕێن، لەڕێگەی سیاسەتی دیپۆرتکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی سنووری دەرەکی، جگە لە دانوستان لەسەر جێبەجێکردنی پەیماننامەی کۆچبەری یەکێتیی ئەوروپا کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2026ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بابەتی پێشتر

رێکارەکانی ئەنجامدانی بایۆمەتریی مامۆستایانی گرێبەست دەستپێدەکەنەوە

بابەتی دواتر

وادەی تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کۆتاییدێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تاڵیبان شاری جەلال ئابادی كۆنترۆڵكرد

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە كۆنترۆڵكردنی شاری جەلال ئابادی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ڕاگەیاند. بەپێی ئاژانسەكە دەستبەسەراگرتنی…
Total
0
Share