کۆمسیۆن لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان زانیاریی نوێ ئاشکرادەکات.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، کاتێک قۆناغی تانەدان تەواو بوو و یەکلایی بووەوە، دەستەی کۆمسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات.
وتیشی، پاشان پەرلەمانی هەرێم دەست بە کارەکانی دەکات و لە ماوەی 10 رۆژدا یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدەدات، ئەوەش دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆکی هەرێم دەبێت کە داوای کۆبوونەوە لە لایەنەکان دەکات.
باسی لەوەش کرد، لە ئەگەری دەرنەکردنی بانگهێشتنامەی سەرۆکی هەرێم، لەو ماوەیەی کە دیاریکراوە، پەرلەمان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کۆدەبێتەوە، ئەوەش بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو.