تەندروستیی سلێمانی هۆكاری كێشەی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا ئاشكرادەكات

نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، شەش مانگە حكومەتی هەرێم پارەی دەرمانی نەخۆشخانەی هیوای سەرفنەكردووە و دەشڵێت، کاتێک بریاردرا پارەی بانکی سلێمانی تەنها بۆ نەخۆشخانەکانی شارەكە بەکاربێت بریاردرا پارەی کۆمپانیاکان بکەنە تەنها 2%.

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، شەش مانگە حکومەتی هەرێم پارەی تەرخانکراوی دەرمانی نەخۆشخانەی هیوای سەرفنەکردووە.

دەشڵێت، بەهۆیەوە “هەموو کۆمپانیاکانی دەرمان هێنانی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا ڕاگرتووە”.

سەباح هەورامی ئاشكراشیدەكات، هەتا ئەوکاتەی پارەی سلێمانی بەکاردەهات بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک، پارەی دەرمان بە تەواوی دەدرا، بەڵام کاتێک بریاردرا پارەی بانکی سلێمانی تەنها بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەکاربێت، بڕیاردرا پارەی کۆمپانیاکان بکەنە تەنها 2%.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی نمونەی كێشەی چەند خێزانێك بەهۆی ئەو ڕێگرییەی حكومەتی هەرێم باسدەكات و دەڵێت، “نەخۆش هەیە لەم هەفتەیەدا 20 ملیۆن دیناری داوە بە دەرمان بە تەنها بۆ 21 ڕۆژ” هەروەها “خێزان هەیە لەم هەفتەیەدا سەیارەکەی فرۆشتووە بۆ دەرمانی شێرپەنجە، بەڵام بەشی پێداویستی نەخۆشەکەی نەکردووە”.

سەرەتای ئەم مانگە یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بە بوونی کێشە لە دابینکردنی دەرمان کرد لە نەخۆشخانەكە و وتی، “کێشەی دەرمان پەیوەندیی بەو کۆمپانیایانەوە هەیە، کە دەرمان دابیندەکەن، ئەوەش لەبەرئەوەی بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێم 2%ی پارە بۆ کۆمپانیاکان خەرجدەکرێت و بەوەش بە پەنجا مانگ شایستەکانیان دەدرێتێ”.

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ئەگەر بە پارەی کۆکراوەی نەخۆشخانەكە، یان پارەی نەخۆشەکان خۆشیان بیانەوێت دەرمان بکڕن، کۆمپانیاکانی دەرمان پێیان نافرۆشن.

“لەلایەن وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڵێنمان پێدراوە دوای گەڕانەوەی شاندی حکومەت لە بەغداد کێشەی دەرمان چارەسەربکرێت”، دکتۆر یاد نەقشبەندی وایوت.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر پلانەکان نەگۆڕدرێن چەند ناوچەیەک دەکەونە ژێر مەترسی تیرۆریستانەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) وێڵز سێ خاڵی لە تورکیا داماڵی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share