ئەلینا رۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، لە رێگای نوێنەرەکانیانەوە چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
ئەلینا رۆمانسکی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە رایگەیاند، خۆبەخشانی نێردەکی ئەمریکا لە عێراق لە بنکەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان ئامادەن بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایانی نێودەوڵەتیی کاروباری هەڵبژاردن و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان چاودێریی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکەن.
ناوبراو پێشتر و لە پەیامێکی دیکەدا داوایکردبوو، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان رێز لە رۆڵی گرنگی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بگرن لەم پرۆسە دیموکراسییەدا و خۆیان لە توندوتیژی و تۆقاندن بەدووربگرن.