نێتفلێكس پێشبینی دوو هێندبوونی قازانجەكانی لەم چارەكەی كۆتایی ساڵدا دەكات، پاش ئەوەی لەم هاوینەدا زیاتر لە پێنج ملیۆن بەشداربووی نوێی زیادكرد.
پاش توندوتۆڵكردنی بەشداربوون بە وشەی تێپەڕ، زیادكردنی ریكلام بۆ خزمەتگوزارییەكان و وەبەرهێنانی ملیارەها لە پەخشی راستەوخۆدا، گروپەكە رایگەیاند، پلانەكەی بۆ پەرەپێدانی كارەكانی جێبەجێ كردووە.
كارە سەركەوتووەكانی وەك “The Perfect Couple” و “Emily in Paris” لە چارەكی كۆتاییدا بینەرانی بۆ پێگەكە پەلكێشكرد. نێتفلێكس هیوای ئەوە دەخوازێت كە وەرزی نوێی زنجیری “Squid Game” جەماوەری زیاتر بكات لەگەڵ نزیكبوونەوە لە كۆتایی ساڵ، وەك ئەوی رۆژنامەی “گاردیان” بڵاویكردووەتەوە.
ژمارەی بەشداربووانی كۆمپانیاكە گەشەیكرد بە بڕی 5.1 ملیۆن و گەیشتە ژمارەیەكی پێوانەیی كە 282.7 ملیۆنە، ئەمەش لە سێ مانگی رابردوودا، هاوشانی بەرزبوونەوەی داهات بە رێژەی 15% بەوەش گەیشتە 9.83 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا پوختەی داهاتی بە رێژەی 41% بەرزبووەوە و گەیشتە 2.36 ملیار دۆلار.
بەهۆیەوە پشكەكانی نێتفلێكس لە كاتژمێرەكانی دوای كاركردن بە رێژەی 4.5% بەرزبووەوە و كۆمپانیاكەش لە پەیامێكدا بۆ خاوەن پشكەكان رایگەیاند، “پلانەكەمان بۆ سەرلەنوێ خێراكردنی كارەكانمان جێبەجێكرد”.
بەپێی تۆڕی “سی ئێن بی سی”، نێتفلێكس ئامادەكاری دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێكی جۆراوجۆری ناوەرۆكی نوێ و سەرنجڕاكێش، لەنێویشیاندا فراوانكردنی پەخش بەجۆرێك رووداوە وەرزشییە راستەوخۆكانیش بگرێتەوە، لە هەنگاوێكدا بۆ راكێشانی بینەرێكی زۆرتر و هەمەڕەنگكردنی ناوەرۆكەكەی.