حکومەتی عێراق دەیەوێت هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ناوخۆی وڵات کۆتایی پێبهێنێت و بیگەیەنێتە سفر.
حسێن تاڵیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، پلانی حکومەتی عێراق ئەوەیە ئاستی هاوردەی نەوت بۆ ناوخۆی وڵات بگەیەنێتە سفر، لە یەکەم قۆناغدا سەرکەوتوو بووە و ئێستا ئاستی هاوردە 50% کەمیکردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵانە نزیکەی چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆهاوردەکردنی بەرهەمەکانی نەوت، وەک بەنزین، گاز، نەوتی سپی تەرخانکرابوو لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام کەمبوونەوە لەم خەرجییە بەدیدەکرێت لەگەڵ پڕۆژەکانی ناوخۆ بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی.
باس لەوەشکراوە، ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی سیاسەتی وەزارەت و بەرنامەی حکومەتی ئێستا، تەواوی ئەو پڕۆژانەی کەرتی نەوت کە بەناتەواوی جێهێڵدران و سوودیان لێوەرنەدەگیرا، بڕیار درا بە تەواوکردنیان.
گرنگترین پڕۆژە کە لە کۆتایی ساڵی 2023 تەواو بووە، پڕۆژەی پاڵاوگەی کەربەلایە، کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بەرهەمە نەوتییەکان دادەنرێت بەو پێیەی رۆژانە نزیکەی 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵێوێت، لەوانەش بەنزینی سوپەر بە ئۆکتانی 95، رۆن، نەوتی سپی و بەرهەمەکانی دیکە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، بەکارهێنانی پاڵاوگەی کەربەلا و تەواوکردنی پڕۆژەکانی پاڵاوتن لە هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کەمدەکاتەوە و کۆتایی بە فایلی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەهێنێت.
روونیشیکردووەتەوە، ئاستی هاوردەی بەرهەمی بەنزینی موحەسەن لە 15 ملیۆن لیتری رۆژانەوە کەمکراوەتەوە بۆ 7 ملیۆن لیتری رۆژانە، کە ئەوەش 50% زیاترە.
دووپاتیشیکردووەتەوە، وەزارەتی نەوت کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بابەتی هاوردەکردنی بەرهەمی نەوتی بۆ عێراق لە ساڵی 2025دا.