پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری بازنەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی، بە ئامادەبوونی ساڵح عوسمان لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستایانی سنووری بازنەی سەرچنار كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا دوای چەند ساتێك ماتەمینی بۆ گیانی پاكی شەهیدان، لە وتەیەكدا رەفعەت عەبدوڵا باسی لە رۆڵ و كاریگەریی مامۆستایان كرد كە توێژێكی گرنگ و كاریگەرن لە كۆمەڵگەدا و ئاماژەی بە گرنگیی هەڵبژاردنی ئەمجارە كرد و رایگەیاند، هەڵبژاردنێكی كاریگەرە و چارەنووسسازە و دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنەشدا سەركەوتنی گەورە بە دەستبهێنین.
راشیگەیاند، یەكێتی دەیەوێت باشترین خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات چونكە ئێستا دۆخی خەڵك بەهۆی ئەم دەسەڵاتە قۆرخكارەوە لە ئاستێكی خراپدایە لەسەروو هەمووییەوە پێنەدانی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆرانە، بۆیە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتی یەكێك لە هەوڵەكانیان مسۆگەركردنی مووچە بووە لەبەغدا و توانی سەركەوتووبێت.
تەئكیدیشیكردەوە هەموو هیواكان روو لە یەكێتییە كە بتوانێت كۆتایی بەم نادادپەروەرییە بهێنێت، لەو بارەیەشەوە مامۆستایان دەتوانن رۆڵی گەورە ببینن و پێكەوە كۆتایی بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە بهێنین.