وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکار بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزای باڵندە دەگرێتەبەر

ئەنفلوەنزای باڵندە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمییە، لە بنەڕەتدا توشی پەلەوەر دەبێت و لە باڵندەشەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ، هێمای زانستیی ئەنفلوەنزای باڵندە H1N1ە.

دوێنێ هەینی 15ی کانونی دووەم،  حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق وتی، “ڤایرۆسەكە لە ماوەیەكی كەمدا دەیان هەزار پەلەوەری مرداركردووەتەوە و وەزارەتی كشتوكاڵ هەموو ڕێوشوێنەكانی گرتووەتەبەر بۆ مامەڵكردن لەگەڵ پەتاكە و ڕێگرییكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی.”

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هیچ حاڵەتێکی بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزای باڵندە لە کێڵگە پەلەوەرییەکان یان هەر جێگەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراوە”.

ڕاشیگەیاند، لەبەرئەوەی نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆیە مەترسییەکانی گەیستنی ئەو نەخۆشییە لە ناوەراست و باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر نزیکە.

سەبارەت بە ڕێکاری پەیوەست بە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “سبەینێ لیژنەی باڵای ئەنفلوەنزای باڵندە لە وەزارەت لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کۆدەبنەوە و ڕێکارە پێویستەکانی تایبەت بەو ڤایرۆسە دەستنیشان دەکەن تاوەکو لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت”.

حسێن عەبدولکەریم وتیشی، “ڕێکارەکان دەکرێت زۆر لایەن بگرێتەوە، لەوانە ڕێگری کردن لە ئاڵوگۆڕی مریشک و پەلەوەر لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق، مەرجدارکردنی هاتوچۆی هاوڵاتییان لە ناوەڕاست و باشوورەوە بۆ هەرێم، هەروەها دانانی ڕێکاری تەندروستی بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی تاوەکو هاوڵاتییان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی گۆشتی مریشک و پەلەوەردا بکەن”.

لەلایەکی دیکەوە  ڤێتێرنەری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەنفلوەنزای باڵندە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و مەترسی دروستدەکات بۆیە پێویستە ڕێکاری تایبەت لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر.

پێشتریش عەمار جەبر، پارێزگاری سەڵاحەدین ڕایگەیاند، “پشكنینە تاقیگەییەكان سەلماندویانە ئەوەی لە كێڵگەیەكی پەلەوەری سامەڕا بڵاوبووەتەوە و بووەتەهۆی مرداربوونەوەی دەیان هەزار پەلەوەر، ئەنفلۆنزای باڵندەیە.”

 

حكومەتی عێراق لەڕێگەی لایەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانییەوە، داوای لە هاوڵاتییانی کردووە خۆیان لەو ڤایرۆسە بپارێزن و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پەلەوەر و بەرهەمەكانی و بە تایبەت گۆشتی مریشكدا بكەن.

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەكی دیكە ئیندۆنیزیای هەژاند و هۆشداری لە تسۆنامی دەدرێت

بابەتی دواتر

ناوەندی هاوکاریی لەبارەی "ڕەشبگیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" هاتەدەنگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share