“تا شەقامەكانمان پانتر و باشتر بن ڕوداوی زیاتریان لێدەكەوێتەوە”

لەماوەی 24 كاتژمێردا لە هەولێری پایتەختی كوردستان لە چوار ڕوداوی هاتوچۆدا ژمارەیەك هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگاكەش هۆشداری دەدات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەو ڕوداوانەی فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بڵاویكردوونەتەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە نیوەڕۆی دوێنێ هەینی 12ی شوباتەوە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە چوار ڕوداوی هاتوچۆدا لە سنووری هەولێر دوو كەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش دەركەوتووە، بەهای ئەو ڕوداوانەوە حەوت كەس بریندار بوون كە برینی هەندێكیان سەختە.

هۆكاری ڕوداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێم چین؟

سەبارەت بە زۆربوونی ڕوداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “شیكردنەوەی ڕوداوەكان لەڕێی ڤیدیۆی ساتەوەختی ڕودانیان ئاسانترە، بینیمان دوێنێ ئۆتۆمبێلێك لە ڕێگای هەولێر-كەسنەزان كەسێكی كوشت و پێنجی دیكەشی بریندار كرد، سوێند دەخۆم شەقامی وا لە ئەوروپاشدا نییە، پێنج لاین و لاینێكی خزمەتگوزاریشی هەیە”.

فازڵ حاجی ئەوەشی خستەڕوو، “درەنگانێكی شەوی ڕابردووش، شۆفێرێكی دیكە بە سەرخۆشی هاتووەتەوە ناوشار و تووشی ڕوداوی هاتوچۆ بووە، لە ڕێی كۆیەش تانكەرێكی نەوت هەڵگر وەرگەڕاوە هەرچەندە پشكینینی بۆ نەكراوە، بەڵام دڵنیام مادەی هۆشبەری كێشاوە، چونكە زۆربەی شۆفێرە ئێرانییەكان دەیكێشن”.

بە دەستی من بێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەیان دەكەم ناهێڵم لە 60 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا زیاتر بڕۆن

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر سەرەكیترین هۆكاری بۆ ڕوداوەكانی هاتوچۆ گەڕاندەوە بۆ تیژڕەوی و پابەندنەبوونی شۆفێران و ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو شوێنانەی زۆرجار ڕوداوی هاتوچۆیان لێ ڕودەدەن، بەداخەوە ئەو شوێنانەن كە كێشەیان نییە لە ڕووی هێما و شەقامەوە، شەقامی 120 مەتریی هەولێر كە لە هەموو عێراق هاوشێوەی نییە گوناح نییە ڕوداوی هاتوچۆی تێدا ڕوبدات”.

ئاشكراشیكرد، “شەقامەكانمان تا پانتر و باشتر بن ڕوداوی زیاتریان لێدەكەوێتەوە، چونكە شۆفێرانی ئێمە وا تێگەیشتوون دەبێت خێراییان بێسنوور بێت”.

“زۆرجار شۆفێرەكان گلەیی ئەوە دەكەن، دەڵێن، ‘بۆ ڕێگا نادەن لە 220 بڕۆین، ئۆتۆمبێلەكان ئەوەندەیان لێ نوسراوە’، ئەگەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بە دەستی من بێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەیان دەكەم ناهێڵم لە 60 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا زیاتر بڕۆن”، وەك فازڵ حاجی وتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “برێك و خێرا ڕۆشتن و تەقەڵ لێدان كێشە گەورەكەن، ڕەنگە لە هەفتەی داهاتووشدا شەقامی 150 مەتریی هەولێر بكرێتەوە، قوڕمان بەسەر، خۆمان ئامادەكردووە چی ڕودەدات، شۆفێران وا بكەن ڕوداوی زۆری تیادا ڕودەدات”.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2020 لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان ملیۆنێك و 386 هەزار و 214 سەرپێچی تۆمارکراون، هەروەها 2 هەزار و 897 ڕوداویش ڕویانداوە، لەو ڕوداوانەشدا 432 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پێشتر

پاریس سان جێرمان 2-1 نیس

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) مانچستەر سیتی دوای لیڤەرپوڵ، تۆتنهامی مۆرینیۆشی کوتا بەزەویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share