*كەیفی ئیسلام (34 ساڵ) جوتیارێکی پارێزگای دهۆكە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گلەیی لە كەمبوونەوەی ساڵ لە دوای ساڵی رووبەری ئەو زەوییە هەیە كە چاندنی تیادەكات، هاوشێوەی دەیان جوتیاری دیكە، بەهۆی پیسبوونی ئەو ئاوەی کە بۆ ئاودێری پشتی پێدەبەستن و دەڵێت، “دەبێت کارەکانمان بە تەواوی بەجێبهێڵین، یان پشت بە ئاوی پیس ببەستین، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە.”
ئیسلام، خاوەنی پارچە زەوییەکی کشتوکاڵییە کە ڕووبەرەکەی دوو دۆنمە و دەكەوێتە ناوچەی “دۆلبی” لە باشووری رۆژهەڵاتی دهۆک، تیایدا باخێکی میوە و کێڵگەیەک بۆ چاندنی سەوزە هەیە، دووپاتیدەكاتەوە كە ئەو ئاوەی بە زەوییەكەیدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی بە زەوی هاوسێكانی لە ناوچەكە و ناوچەکانی (کفەرکی، ماڵتای خواروو، ئالوکا و باختەمی) لە رووباری دهۆکەوە و چەمی “هشكەڕوو”ەوە دێت، ئاوی ئاوەڕۆی تێكەڵ دەبێت، لەنێویاندا ئەو ئاوەی لە هەندێك ئاوەڕۆی ماڵان و ئاوی پیسبوو بە پاشماوەی کارگە و شوشتنی ئۆتۆمبێل و نەخۆشخانەکان دێنە دەرەوە.
ژەهراویبوون تەنها ئاوی ئاوی ئەو رووبار و چەمانەی نەگرتووەتەوە كە بۆ كشتوكاڵ بەكاردێن، بەڵكو لە دهۆك درێژەی كێشاوە بۆ ئاوی ژێر زەوی، بە وتەی بەرپرسان و پسپۆڕان، گەیشتووەتە ئەو رادەیەی ئاوی هەندێک بیر بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ ناتەندروست و ناشایستەیە.
جوتیارە گەنجەكە پێیوایە ئەو ئاوە “کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوالێتیی زەوی و بەروبوومەكانیاندا دروستكردووە” و، بووەتە هۆی بە بەردەوامی دابەزینی بەرهەم و سەرهەڵدانی نەخۆشی لە بەروبوومەكانیاندا. ئەو دەڵێت، “ئاوی پڕ لە ژەهر و پاشەڕۆ، بۆنی ناخۆشی لێدێت”، ئاماژە بەوەشدەکات کە پێشتر هەفتانە نزیکەی حەوت سندوق هەنجیری كۆكردووەتەوە لە وەرزی پێگەیشتنیدا كە نزیکەی دوو مانگ دەخایەنێت، بەڵام بەم دواییە لە تەواوی وەرزێكدا تەنها 10 سندوق یان كەمتر بەرهەم دەهێنێت.
ئەو هەست بە نائومێدی زۆر دەكات و دەشڵێت، “ئەمە لە كێڵگەكەمدا بەسەر بەری هەناریشدا جێبەجێ دەبێت، بەهەمان شێوە سەوزەی كێڵگەكەشم. هەروەك خراپبوونی جۆرەكەشی كاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخەكەی دەبێت، بەرهەم ئەم كێڵگانە لە بازاڕدا بە كەمتر دەفرۆشرێن بەراورد بەوانی دیكە، هەموو ئەمانە بەهۆی ئاوی ژەهراویبووەوەیە”.
ئەو ئاوە ژەهراوییە كە چارەسەر ناكرێت و دەڕژێتە رووبارەوە، تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكەی “كەیفی”، بەڵكو بەپێی كەسانی شارەزا و چالاكوانانی ژینگە درێژ بووەتەوە بۆ ئاوی ژێر زەویش، زیانەكەشی بۆ تەندروستیی گشتیی دانیشتووانی دهۆك و ناوچەكانی دەوروبەری دەبێت كە نزیكەی 400 هەزار كەس تیایاندا نیشتەجێن.
سەرچاوەكانی ژەهراویبوون
كاروان بامەڕنی، ئەندازیار و چالاكوانی بواری ژینگە هۆشداری دەدات لەبارەی مەترسییەكانی ئاوەڕۆی چارەسەرنەكراو لەسەر دانیشتووان و، جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستیی گرنگیدان بە سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی ئاو وەك رووبار، كانی و بیرەكان و رێگریكردن لە ژەهراویبوونیان.
ئاماژەشدەدات، لەگەڵ ئەوەی دهۆك بە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراق دادەنرێت لەڕووی سەرچاوەی ئاوەوە، كەموكوڕی هەیە لە بەڕێوەبردنی ئاو. هۆشداریشدەدات لە زیادبوونی بێ پلانی هەڵكەندنی بیر، كە دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی.
بامەڕنی باس لەوەدەكات كە سەرچاوەی جۆراوجۆری ژەهراویبوونی ئاو هەن، لەوانەش ئاوەڕۆ و ئەو چاڵانەی تایبەت بە پاشەڕۆی مرۆڤ دروستدەكرێت و دەڵێت، “دروستكردنی ئەو چاڵانە بۆ پیسایی و پاشەڕۆی مرۆڤ هیچ بنەمایەكی زانستی نییە” روونیشیدەكاتەوە، “چاڵەكان بریتین لە لاكێشەیەكی دروستكراو بە چیمەنتۆ لەژێر زەوی، كە بەشی ژێرەوەی خۆڵینە، بۆ رێگەدان بە تێپەڕبوونی ئاو و مانەوەی پاشەڕۆكە” پرسیاریش دەكات، “ئاوی هەزاران دانە لەم چاڵانە لە دهۆك بۆ كوێ دەچن؟ بێگومان بۆ ژێرزەوی!”.
باس لەوەشدەكات، ئەو رێڕەوەی بۆ ئاوەڕۆ لە شاری دهۆكەوە بۆ چەمی هشكەڕوو راكێشراوە، لەلایەن بەشێك لە جوتیارانەوە بۆری لێوە راكێشراوە بۆسەر كێڵگەكانیان لەڕێی بەكارهێنانی ماتۆڕەوە و دەڵێت، ئەم كارە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییەكانە و، نابێت ئاوی ئاوەڕۆ بەتایبەت بۆ ئاودانی كێڵگەكانی سەوزە بەكاربهێندرێت و، فەرمانگە پەیوەندیدارەكانیش هیچ رێوشوێنێك بەرامبەر سەرپێچیكاران ناگرنەبەر.
پیسبوونی ئاوی دهۆك تەنها بەهۆی پاشماوە و پاشەڕۆكانی ماڵ و كارگەكانی ناو شارەكەوە نییە، بەڵكو لەو ژەهراویبوونەشەوەیە كە لە زاخۆ (50 كیلۆمەتر لە باكووری دهۆك)وە لەڕێی رووباری دیجلەوە دێن.
شارەزایانی بواری ژینگە، هۆشداری ددەن لە مەترسییەكانی ئەو چاڵە بێسەروبەرانەی بۆ كۆكردنەوەی ئاوی قورس و كۆكردنەوەی ئاوەڕۆی ماڵان هەن، بەهۆی دزەكردنی ئاوەكەی بۆ ژێر زەوی، ئیدریس مەجید، مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری ژینگە جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستیی “دانانی سیستمێكی كاریگەر بۆ چارەسەری ئەو ئاوی قورسەی لە ماڵانەوە دەردەچێت”.
دروستكردنی ئەو چاڵانەی پاشەڕۆش بە كارێكی نادروست ناودەبات “چونكە بوونی درز و كەلێنەكانی دەبێتەهۆی دزەكردنی ماددەی زیانبەخشی وەك پاشەڕۆ بۆ چینەكانی زەوی و ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی سەرەكیی ژەهراویبوونی ئاوی ژێرزەوی”.
دەشڵێت، وڵاتە پێشكەوتووەكان پشت بە سیستمی پێشكەوتوو دەبەستن بۆ چارەسەری ئاوی قورسی ماڵان، كە بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێندرێت، “بۆ باشكردنی جۆرایەتیی ئاو و پارێزگاری لە ژینگە”.
مامۆستاكەی زانكۆ هۆشداریشدەدات لەوەی ژەهراویبوونی ئاو لە دهۆك گەیشتووەتە بیرە ئیرتیوازییەكان “بەشێك لە بیرەكانی نزیك ئاوی (هشكەڕوو) لەناو ناوچەی بەرۆشكی، داخراون بەهۆی زیابدوونی رێژەی نیترات لە ئاوەكانیاندا بەهۆی تێكەڵبوونی لەگەڵ ئاوی ژەهراوی”. بۆ ئەمەش وا پێویستە بیری نوێ لە ناوچەی دوور لە كۆمەڵگا نیشتەجێبوونەكان و شوێنەكانی پەروەردەكردنی گیانداران هەڵبكەندرێت.
وێستگەی چارەسەر
بەپیی پلانی سەرەكیی ئاوەڕۆی پارێزگای دهۆك (Master Plan Of Sewerage In Duhok)، پلان دانراوە بۆ دروستكردنی سێ یەكەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی (قورس و سوك)، بەڵام بەهۆی گرفتە داراییەكانەوە تائێستا جێبەجێ نەكراوە، وەك ئەوەی یوسف جانۆ، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی شارەكە دەیڵێت.
ئەو باس لەوەشدەكات، دوو جۆر ئاوەڕۆ لە ماڵانەوە دەردەچێت، ئەكەمیان ئاوی قورسە كە لە تەوالێتەكانەوە دەردەچن و دەڕژێنە ناو زەوییەوە، ئەوەی دووەمیش ئاوی سوكە “ئاوی چێشتخانە و حەمام و پاككردنەوەی دیكەی ناوماڵ” ئەمیان دەڕژێنە ناو ئاوەڕۆی گشتییەوە.
د. نەجمەدین عزەدین، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە بواری ژینگە ئاماژە بۆ لایەنێكی دیكەی ژەهراویبوونی ئاوی ئاوەڕۆ دەكات، كە بریتییە لە فڕێدانی دەرمانی شل و توندی وەك حەب، كە بەپێی توێژینەوەیەك زۆرینەی خێزانەكان تێكەڵ بە ئاوەڕۆی دەكەن و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاو و ژینگەی شارەكە دروستدەكات.
ئەو پسپۆڕە هۆشداری لەو مەترسییە دا، بەتایبەت بەهۆی نزیكیی بیرەكان لە كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون و دەڵێت، بەهۆیەوە زۆرینەی بیرەكان كوالێتییان باش نییە و ئەمەش ئالنگارییەكی گەورە و مەترسییە بۆ دانیشتووان.
* راپۆرتەكە بە سەرپەرشتیی تۆڕی نیریج تایبەت بە لێكۆڵینەوە بنكۆڵكارییەكان و بە پاڵپشتیی CFI ئامادەكراوە.