ژیانی نهێنیی قرشەکان.. توێژینەوەیەک تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرسووڕهێنەرەکانیان دەخاتەڕوو

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە دەقی توێژینەوەیەکەوە گواستوویەتییەوە، قرشەکان ژیانی کۆمەڵایەتیی زۆر لەوە ئاڵۆزتریان هەیە کە پێشتر زانراوە و تیایدا هاتووە، ” قرشە گرداوە ڕەنگخۆڵەمێشییە مەترسیدارەکان لە زەریای ئارام (Pacific Ocean)، تۆڕی کۆمەڵایەتیی سەرسووڕهێنەریان لەگەڵ یەکدی دروستکردووە و بە جۆرێک گەشەی پێدەدەن کە دەکرێت چەند ساڵێک بخایەنن”.

توێژینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی 41 قرشی گرداوی ڕەنگخۆڵەمێشیی مەترسیدار لە دوورگەی پالمیرا ئاتۆڵ، کە دەکەوێتە 1600 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای ویلایەتی هاوایی. توێژەرەکان کامێرا و دەنگگوێزەرەوەیان بەکارهێناوە بۆ زانینی شوێنی قرشەکان و بەدەستهێنانی زانیاریی ڕوونتر لە پەیوەندییەکانیاندا.

لە توێژینەوەکەدا ئەوە خراوەتەوەڕوو کە “قرشەکان لەجیاتیی ئەوەی وەک دروستکراوێکی گۆشەگیر بمێننەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان پێکدێنن و هەندێک لە قرشەکان بۆ ماوەی چوار ساڵ پێکەوە دەمێننەوە”.

توێژەرەکان شێوازی ژیانی ڕۆژانەی قرشەکانیان تۆمارکردووە و تیایدا هاتووە، “قرشە گرداوەکان بەیانیانیان پێکەوە لەسەر شێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ بەسەر دەبەن، کە هەندێک جار نزیکەی 20 قرش پێکەوە کۆدەبنەوە، بەڵام باقیی ڕۆژەکەوە بە شەویشەوە، دوور لە یەک بەسەر دەبەن، تاوەکو بەیانیی ڕۆژی دواتر دیسانەوە کۆدەبنەوە”.

یانیس پاپاستاماتیۆ، بایلۆجیست لە زانکۆی نێودەوڵەتیی فلۆریدا و سەرۆکی دەستەی نووسەرانی توێژینەوەکە کە هەفتەی پێشوو لە جۆرناڵی “The Royal Society” بڵاوبووەوە، دەڵێت “قرشەکان ئاژەڵانێکی سەرسووڕهێن و نایابن و کەچی هێشتا تێگەیشتنیان ئەستەمە”.

پاپاستاماتیۆ وتووشیەتی، “حەزم لێیە لەبارەی “ژیانی کۆمەڵایەتیی نهێنی”یانەوە قسە بکەم، نەک لەبەرئەوەی ئەوان دەیانەوێت نهێنی بێت، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ تازە پەرەمان بە هەندێک هۆکار داوە بۆ بینین و تێگەیشتن لە ژیانی کۆمەڵایەتییان. هەموو قرشەکان کۆمەڵایەتی نین، تەنانەت تا ڕادەیەکی زۆر بە گۆشەگیری دەژین”.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، “قرشی گرداو، قەبارەی مامناوەندە و درێژییەکەی دەگاتە 2 مەتر. سروشتێکی تاڕادەیەک کۆمەڵایەتی هەیە و هەندێک ئەدگاری لە باڵندەکان و شیردەرەکان دەچێت”.

توێژەرەکان گومانی ئەوەیان کردووە کە “قرشەکان لە شوێنی تایبەت پێکەوە کاتی حەوانەوەی خۆیان بەسەردەبەن، لەبەرئەوەی ڕەنگە بەو شێوەیە دڵنیایی ئەوەیان هەبێ کە بەو شێوەیە دەتوانن نێچیر بدۆزنەوە”.

دەیڤد جەیکۆبی، بایۆلۆجیستی تایبەت بە ئاژەڵانی دەریایی لە “دامەزراوەی ئاژەڵناسی لە لەندەن” و هاونووسەری توێژینەوەکە دەڵێت، “هەندێک جار ئێمە دەمانزانی کە قرشەکان توانای ناسینەوەی ئەو قرشانەی دیکەیان هەیە کە هاوکۆمەڵی خۆیانن و خاوەنی دڵخوازیی کۆمەڵایەتیشن”.

جەیکۆبی وتووشیەتی، “توێژینەوەکەمان بۆ یەکەم جار پەردەی لەسەر ئەوە لادا کە قرشەکان بەڕاستی توانای بەردەوامیدانیان بە هاوبەشی کۆمەڵایەتیی خۆیان هەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک. لەوەش زیاتر، ئێمە ئەوە دەخەینەڕوو کە قرشەکان، گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان وەک ناوەندی کۆکردنەوەی زانیاری بەکاردەهێنن و قرشەکان دەتوانن شوێن یەکتری بکەون بۆ کەناری زەریا یان شوێنی خواردنیان”.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەکی نوێ: ڕەنگە کارلێکە کیمیاییەکان بووبنە هۆی سەرهەڵدانی ژیان

بابەتی دواتر

چەند تاڵە قژێكی ئەبراهام لینكۆڵن بە زیاتر لە 81 هەزار دۆلار فرۆشرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share