دوای کوشتنی زەواهیری واشنتۆن و تاڵیبان یەکتر تۆمەتبار دەکەن

ڕاگەیاندنی کوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی بزوتنەوەی تاڵیبان، لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە، هەندێک پێشوازی لە هەواڵەکە دەکەن و هەندێکیش سەرکۆنەی دەکەن، تاڵیبان و ئەمریکا لەوبارەیەوە یەکتری تۆمەتبار دەکەن.

هەندێک لەوانەی لەبارەی ڕووداوەکەوە لێدوانیان داوە، بە هەنگاوێکی گەورە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە جیهاندا ناوی دەبەن، هەندێکیش ڕەخنە لە ئەمریکا دەهرن کە بەو هێرشە سەروەریی ئەفغانستانی پێشێلکردووە، هەندێکی تر پێیانوایە ئەمە لە چێوەی پاشەکشەکردنی جەماوەریی بایدندایە و هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی حزبەکەی لە کۆنگرێس.

لەبارەی کوشتنی زەواهیرییەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە زەواهیری شوێنی دیارنییە، دیاریکردنی شوێنەکەی و دۆزینەوەی بە کردەیەکی زۆر ورد و چڕ بووە.

بەپێی ئاژانسەکە، ماوەی چەند ساڵێکە زانیاری لەلای حکومەتی ئەمریکا هەیە، کە زەواهیری لەلایەن تۆڕێکەوە پاڵپشتی دەکرێت، لەمساڵدا بەرپرسان ئەو زانیارییەیان پێگەیشت کە خێزانەکەی زەواهیری “هاوژین، کچ و کوڕەکەی” گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت لەناو کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە زەواهیری لە هەمان شوێنی ئەوانە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی لەوەکردووە، دوای کۆبوونەوەی جۆ بایدن لە گەڵ بەرپرسانی پەیوەندیداری ئیدارەکەی، بایدن ڕەزامەندیداوە لەسەر ئەنجامدانی هێرشێک بۆ کوشتنی ئەیمەن زەواهیری بەو مەرجەی مەترسییەکانی کوشتن و برینداربوونی خەڵکی سڤیل بۆ کەمترین ئاست کەمبکرێتەوە.

هەریەکە لە بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا لەبارەی کوشتنی زەواهیرییەوە لێدوانی جیاواز دەدەن و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم لێدوانیدا لەوبارەیەوە لە تۆری کۆمەڵایەتیی تویتەر، تاڵیبان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی دەوحە تۆمەتباردەکات، باس لەوەدەکات تاڵیبان لەو هێرشەدا پەیوەست نەبووە بەو پابەندییانەی لەسەریەتی.

لەبەرامبەردا بزوتنەوەی تاڵیبان بەتوندی هێرشەکەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە، زەبیحوڵا موجاهید لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “هێرشەکە ڕەتدەکەینەوە و پیشێلکردنی بنەما نێودەوڵەتییەکانە لەلایەن ئەمریکاوە”.

سعودیە وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی کاردانەوەی لەبەرامبەر هێرشەکەدا هەبوو، پێشوازی لە هەواڵی کوشتنی ئەیمەن زەواهیری کرد، ڕایگەیاندووە، “کوشتنی زەواهیری کوشتنی یەکێک لە سەرکردە و پلانداڕێژەری هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ئەمریکا و سعودیە و وڵاتانی دیکەی جیهان بوو، کە هۆکاری مردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان لە رەگەزنامەی جیاوازبووە”.

هەروەها ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان پاڵپشتیی هێرشەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، “جیهان بەبێ ئەو سەلامەتترە”.

بابەتی پێشتر

فڕۆكەكەی پیلۆسی لە تایوان نیشتەوە

بابەتی دواتر

G7 تاوتوێی قەدەغەی تەواوەتی گواستنەوەی نەوتی ڕوسی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share