قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك تیمەكانی ژنانی كەمپینی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند، لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا بەشداریی ژنان و گەنجان لە ئاستێكی لاوازدا بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی بە گەڕاندنەوەی هیوا، چاوی لەوەیە بە بەشداریی كاریگەری ژنان و گەنجان لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتنی گەورە تۆماربكات.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە دۆخی هەموو لایەنەكانی بەشدار لە هەڵبژارندا، روونیكردەوە كە لایەنەكانی دیكە كەرەستەی پێویستیان نییە بۆ حكومڕانی و تەنانەت یەكێتی بەر لە چوار ساڵیش لە دۆخێكی هاوشێوەدا بوو و كەرەستە و توانای پێویستی نەبوو بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی.
وتیشی، “بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا لەژێر سەركردایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا، یەكێتی بەردەوام خەریكی خۆڕێكخستنەوە و خۆبەهێزكردن بووە و لە جێبەجێكردنی هەموو بەڵێنەكانیدا سەركەوتوو بووە، هەر لە دروستكردنەوەی هاوسەنگیی هێزەوە تا دەگاتە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، لە دوای ئەم خۆڕێكخستنەوەیە، ئێستا یەكێتی هەموو كەرەستەیەكی لەبەردەستدایە و ویست و ئیرادەی بەهێزیشی هەیە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال داوایكرد ژنانی كوردستان لە كاتی دەنگداندا بیر لەوە بكەنەوە كە لەناو هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا، كام لایەن، چ لە رابردوو و چ لە ئێستادا بەرگریكاری مافەكانی ژنان بووە و دەشتوانێت لە داهاتوودا دۆخی ژنان لە كوردستان باشتربكات.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد كە پێشتر خۆی و حزبەكەی بەردەوام داكۆكیكاری مافەكانی ژنان بوون و لە داهاتووشدا لە هەر پۆست و پێگەیەكدا بێت بەردەوامدەبێت لە هەوڵدان بۆ باشتركردنی دۆخی ژنان.