میدیاکانی عێراق: لە عێراق توندترین رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر

میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانەوە بڵاویانکردەوە، لەدوای رووداوەکانی لوبنان رێوشوێنە ئەمنییەکان خراونەتە بەرزترین ئاست و گەشتەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ بەریتانیا دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لەدوای هێرشەکانی سەر باشووری لوبنان مەترسی هێرشکردنە سەر بارەگای دامەزراوە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە بەغداد و بەشێک لە شارەکانی دیکە هەیە، بەو هۆیەوە ئاستی هۆشداریی ئەمنی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکراوەتەوە.

لای خۆیەوە نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو دۆخە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەی دروستبووە، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران کە بڕیار بوو لە سەرەتای مانگی داهاتوو بۆ وڵاتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا ئەنجامبدرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

لەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی حزبوڵا، عێراق وەک یەکەمین وڵاتی عەرەبی هەڵوێستی خۆی راگەیاند و سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، گروپە چەکدارە عێراقییەکان بەردەوام هێرشدەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

بابەتی پێشتر

کاروخ عەبدوڵا: مامۆستایانی گرێبەست بە گەرموگوڕییەوە بەشداریی پرۆسەی خوێندن دەکەن

بابەتی دواتر

بە هۆکارێکی سەیر خزمەتکاری ماڵێک کلۆری کردووەتە ناو خواردنی خاوەن ماڵەکەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share