تەمەنی زیاتر لە 3600 ساڵە.. كۆنترین پارچە پەنیر لە جیهاندا دۆزرایەوە

تیمێكی زانایانی شوێنەواری چینی، توانیان “كۆنترین پارچە پەنیر” لە جیهاندا بدۆزنەوە، كە تەمەنی زیاتر لە سێ هەزار و 600 ساڵە، ئەوەش لەمیانەی هەڵكۆڵین لە باكووری رۆژئاوای وڵات، بەپێی ئەو راپۆرتەی تۆڕی “ئێن بی سی نیوز”ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

ئەندامانی تیمەكە ئەو پارچەیەیان دۆزییەوە بەر لە دوو دەیە، بەڵام بەمدواییە دڵنیابوونەوە كە پارچە پەنیرە، پاش ئەنجامدانی چەندین توێژینەوە لەسەری.

فۆ چیاومی، زانای بۆماوەیی كۆن لە ئەكادیمیای زانستی چینی لە پەككین و بەشداربووی ئامادەكردنی توێژینەوەكە، كە رۆژی سێشەممە لە گۆڤاری “سیل” بڵاوبووەوە، دەڵێت، “پەنیری ئاسایی بەشێوەیەكی گشتی تەڕ و ناسكە، بەڵام ئەو پارچەیە لەئێستا بەهۆی تۆز و وشكبوونەوەوە زۆر رەق بووە”.

وتیشی، “شیكاریی ترشی ناوەكی بۆ نمونەكانی پەنیرەكە، چیرۆكی مامەڵەی گەلی شیاوهی (كە ئێستا بە شینجیانگ ناودەبرێت) لەگەڵ ئەو گیاندارە شیردەرانەی خاوەنی بوون دەردەخات، هەروەك روونیدەكاتەوە كە چۆن بەخێوكردنی گیاندار لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ئاسیا پەرەیسەندووە”.

پارچە پەنیرەكە لەنێو تابوتێكدا دۆزرایەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی برۆنزی، لەمیانەی هەڵكۆڵیندا لە گۆڕستانێكی گەلی شیاوهی لە ساڵی 2003دا.

بەشێوەیەكی گشتی لە رابردوودا لەكاتی لەگۆڕناندا، شتومەكە گرنگەكان لەگەڵ كەسی نێژراودا لە تەنیشتی دانراوە.

زاناكە ئاماژەی بەو راستییە دا كە دۆزینەوەی ئەو پارچە پەنیرە لە تەنیشت ئێسك و پروسكی مردووەكەدا نیشانیدەدات كە “پەنیر زۆر گرنگ بووە بۆ ژیان” لای گەلی شیاوهی.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی قاوەیە

بابەتی دواتر

بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە لە ئەمریکا لانیکەم 60 کەس گیانیان لەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share