لە لایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق بە تۆمەتی گەڕان بەدوای ئاسەواردا، باندێكی چوار كەسی دەستگیركران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق زانیارییان دەستكەوت لەسەر باندێك كە بەدوای ئاسەواردا دەگەڕان و لەناو ماڵێکدا تونێلیان لێدابوو بۆ گەیشتن بەئاسەوارەکان، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای چاودێریكردنێكی وورد توانرا لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەیان تۆمەتباران دەستگیربكرێن.
ئاشکراشیکرد، لەئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران (أ، أ، أ لەدایكبووی 2001 – ن، أ، أ لەدایكبووی 1987 – م، أ، أ لەدایكبووی 1981 – ح، أ، أ لەدایكبووی 1990 ) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 24 بڕگەی 4 لە یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2021 ی شوێنەوار راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
هەر لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، تۆمەتباران لە یەکێک لەگەڕەکەکانی قەزای سەیدسادق هەستاون بە هەڵكەندنی تونێلێک لەحەوشەی ماڵەكەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئاسەوارەکە.