ڕۆژی جیهانیی هۆشیاركردنەوە لە مین.. لە كوردستان زیاتر لە 13 هەزار كەس بوونەتە قوربانی

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ئاشكرایدەكات، تا ئێستا زیاتر لە 13 هەزار و 500 هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانیی مین، دەشڵێت، لە ئێستادا 255 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە لە مین پاكبکرێتەوە.

ئەمڕۆ ڕۆژی جهیانیی هۆشیارکردنەوەیە لە مین و پاڵپشتیی کاروباری مین، ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانی تایبەت بە کاروباری مین-ش بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە لە ساڵی 2022، وەک ئامانجی کارکردن دروشمی “زەویی سەلامەت، ڕێگای سەلامەت، ماڵی سەلامەت” یان داناوە.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە دروشمی ساڵی 2022 “زەوی سەلامەت، ڕێگای سەلامەت، ماڵی سەلامەت” یان داناوە

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لەو ڕوانگەوە دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان بەو توانا مرۆیی و تەکنیکییەی هەیەتی جەخت لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و “کوردستانێکی پاک لە مین و تەقەمەنی” دەکاتەوە.

دەشڵێت، لە ئاکامی ئەو شەڕ و ناکۆکییانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە لە ئێستادا ڕووبەری 255 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە پاكبکرێتەوە ئەمەش پێویستی بە کۆمەکییەکی دارایی زۆر هەیە کە لە ئێستادا بە تەنها بە حکومەتی هەرێم دابین ناکرێت.

“کوردستانێکی پاک لە مین و تەقەمەنی”

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەزگاكەیان وەك ئەرکی خۆی سەرەڕای قەیرانی دارایی بەردەوامبووە لە کارو چالاکییەکانی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی بە ڕادەستکردنەوەی کێڵگەکان بە خاوەنەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری.

جەختیشی كردووەتەوە، لە ڕێگەی تیمەکانی هۆشیارکردنەوەوە توانیویانە بە شێوازی سەردانی ڕاستەخۆ و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و مینبەرەکانی سۆشیال میدیا سەدان هەزار هاوڵاتی لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی هۆشیاربکاتەوە.

 

تائێستا زیاتر لە 13 هەزار و 500 هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بونەتە قوربانی مین

دەربارەی ئاماری قوربانییەکانیش دەزگای کاروباری مین ئاشكرایكردووە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 13 هەزار و 500 هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بونەتە قوربانی، لەو ڕوانگەوە دەزگای مین جەخت لەسەر گرنگی هۆشیارکردنەوە و پابەندبونی هاوڵاتییان بە پەیام و ڕێنماییەکانی هۆشیارکردنەوە دەکاتەوە و ئاگاداری هاوڵاتییان دەکات بۆ ئەوەی سەلامەت بن و نەبنە قوربانی (بە هیچ شێوەیەک و بۆ هیچ مەبەستێک نزیکی مین و تەقەمەنی و ناوچە مەترسیدارەکان نەکەون و هەوڵی دەستکاریکردنیان نەدەن و لە کاتی پێویستدا لە ڕێگای ژمارە 182 پەیوەندی بە دەزگای مین بکەن).

 

4ی نیسانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی بۆ “هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین” تەرخانکراوە.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا "كۆمەڵكوژی"ی لە ئۆكرانیا ئەنجامداوە!‏

بابەتی دواتر

شۆفێری "ئاو"ــەكەی سەیدسادق دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سنووری ئامێدی بۆردومان كرا

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری قەزای ئامێدییان بۆردومان كرد. بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا…
Total
0
Share