بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك رێگانادرێت مەزاری شەهیدان بۆ بانگەشە بەكاربهێندرێت.
بەرێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات، سەردانەكەی لاهور جەنگی بورهان بۆ مەزاری پیرۆزی ئەنفالكراوان كە دوێنێ 14ی ئەیلول بوو، بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان، لاهور جەنگی بورهان چووەتە مەزاری پیرۆزی ئەنفالكراوان لە دێبنە و دەرگای مەزارەكەیان كردووەتەوە چوونەتە ژوورەوە، دواتر دەرگاكەیان بە كراوەیی بەجێهێشتووە.
ئاماژە بەوەش دەكات، سەرباری ئەوەی هەر وەفد و لایەنێك سەردانی مەزاری ئەنفالكراوان بكات پێشتر هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیمان دەكات و ئێمەش پێشوازی لێدەكەین، بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئیدانەی ئەم سەردانە دەكەین و پێمانووایە مەزاری پیرۆزی ئەنفالكراوان بەكارهێنراوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی سیاسی، لەكاتێكدا ئەنفال پرسێكی نەتەوەییە و زۆر لەوە گەورەترە لایەنێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاریبهێنێت، بەهیچ شێوەیەكیش رێگانادرێت مەزاری ئەنفالكراوان بۆ بانگەشەی حزبی بەكاربهێنرێت چونكە شوێنكی گشتییە.