دادگا بڕیارێكی نوێی تایبەت بە گوهدار زێباری دەركرد

پارێزەرەكەی بڕیارێكی نوێی دادگا تایبەت بە گوهدار زێباری چالاكوانی زیندانیكراوی بادینان ئاشكرادەكات.

كامەران سارمەمی، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دوای تانەدان لە بڕیاری دادگا ماوەی سزاكەی گوهدار زێباری لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

وتیشی، “پێمانوایە كاریگەری لەسەر دادگا هەیە، دەبوایە سزای ئەو چالاكوانە بە پێبژاردن بوایە” نەك سزای زیندانیكردن.

لە 15ی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی.

سارمەمی ئەوەی خستەڕوو، چالاكوانەكە ئاشكرایكردووە كە ئۆتۆمبێلەكەی بەو جۆرە كڕیوە و دەستكاری لۆگۆی نەكردووە. باسی لەوەشكرد، دەبوو كۆمپانیای تۆیۆتا ئەو سكاڵایەی بكردایە، نەك بە مافی گشتی دۆسیەكە بجوڵێندرێت.

تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان لە ئاست دۆسیەكەدا بێدەنگ نابن و وەك ئەو پارێزەرە وتی، داوای راستكردنەوەی بڕیاری تەمیزیی بۆ دەكەن.

دووپاتیشیكردەوە، “لە مێژووی دادگادا باوەڕناكەم هیچ كەسێك بەو جۆرە حكوم كرابێت”.

لای خۆیەوە بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان رایگەیاند، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بە سیفەتی تەمییزی بڕیاریدا بە پەسەندکردنی سزای (گوهدار زێباری) بە هەموارکردنی سزاکەی لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ زیندانیکردن، تەنها لەسەر گۆڕینی لۆگۆی سەیارەکەی لە شیڤرۆلێت بۆ تۆیۆتا.

وتیشی، “رۆژ بە رۆژ متمانەمان بە دادگاکان کەم دەبێتەوە”.

دەبوو گوهدار زێباری لە 16ی ئازاری رابردوو هاوشانی هەریەك لە شڤان سەعید و هەریوان عیسا ئازادبكرایە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆسیە نوێیەوە ئازادكردنەكەی دواخرا.

بابەتی پێشتر

لوقمان وەردی: راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لە زمانی میدیا سێبەرەکانیان دەچێت

بابەتی دواتر

یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان داوای ئازادکردنی عەلی سیاسی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share