نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ رایدەگەیەنێت، بڕیارە سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ وەزارەتی دارایی بنێرێت كە بە رەسمی بكرێنە مامۆستای گرێبەست و لە بری شایستەی دارایی مووچە بەو مامۆستایانە بدرێت و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا مووچەكەیان وەربگرن.
عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناوی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ كە بكرێنە گرێبەست.
راشیگەیاند، بڕیارە سبەی ئەنجومەنی وەزیران ناوەكان بۆ وەزارەتی دارایی بنێرێت تاوەكو بە رەسمی ببنە مامۆستای گرێبەست و لە بری شایستەی دارایی مووچەیان پێبدرێت و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچە وەربگرن.
وتیشی، “پێشتر لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم وردبینی تێداكراوە”.