پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، لە رووی گۆڕینی سیستمی داراییەوە زۆر پێشکەوتوین و ئێستا ملیۆنان کەس کارتی بانکی و سیستمی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە میانەی وتارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، ”گۆڕانکاریی پێویستە بۆ گەیشتن بە چەندین ئامانجی پەیوەست بە سەقامگیریی ئابوری و دارایی، هەروەها هەوڵێک هەیە بۆ زیادکردنی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی کە تێیدا کەرتی بانکی و دارایی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەم لایەنەدا”.
ئەوەشی خستەڕوو، ”پێشکەوتنەکان لەو بوارەدا پەیوەندی بە بارودۆخ و ژینگەی عێراقەوە هەیە، هەرچەندە درەنگ دەستمانپێکرد بەڵام بەخێرایی بەرەوپێش دەچین و ژمارەکانیش ئەو راستییە دەسەلمێنن، هاوکات ئێستا ملیۆنان کەس دەستیان بە بەکارهێنانی کارتی بانکی و سیستمی ئەلیکترۆنی کردووە”.
دەشڵێت، ”هەموو هەوڵەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و پێویستە دامەزراوە حکومییەکان پێشەنگ بن لە جێبەجێکردنی ئەو سیستمەدا و ئێستا سەقاڵی ئەو کارەن”.