بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی جارێكیتر و لەژێر هیچ ناوێكدا رێگا بە جیاكاری و تاكڕەوی لە بەڕێوەبردندا نادات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر لەگەڵ لێپرسراوی بازنەكانی سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رەفعەت عەبدوڵا، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند و رێواز فایەق، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی ئامادەبوون، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هەولێرییە سەربەرزەكان كرد كە ماندوونەناسانە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری و راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هەمیشە لەگەڵ هەولێرییە خۆڕاگرەكان دەمێنێتەوە و ئەمجارە پێكەوە لە هەولێری پایتەختەوە مژدەی بوونیادنانی حوكمڕانییەك رادەگەیەنین كە خزمەتكاری هاوڵاتییان بێت نەك یاری بە ژیان و چارەنووسییانەوە بكات.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گۆڕانكاریی لە دەسەڵاتدا، سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكیتر و لەژێر هیچ ناوێكدا رێگا بە جیاكاری و تاكڕەوی لە بەڕێوەبردندا نادات، ئەوەی دەمانەوێت و هەر دەبێت رووبدات، هێنانەكایەی قۆناغێكی نوێی حوكمڕانییە كە وەڵامدەرەوەی خواست و داواكاریی هاوڵاتییان بێت و توانای چارەسەركردنی كێشەی مووچە و قووتی خەڵكی هەبێت و ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەی نەكاتە قوربانیی ململانێ سیاسی و ناڕەواكان، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەرفەتێكی گرنگ و چارەنووسسازە تاوەكو هەموومان پێكەوە بەرۆ‌حێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەكی سەقامگیرتر بنێین و داهاتوویەكی خۆشگوزەرانتر بۆ نەوەكانمان بوونیادبنێین”.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرۆكی یەكێتی رووی لە هەولێرییە سەربەرزەكان كرد و رایگەیاند، لە رابردوودا بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵكە دڵسۆزەكەمان، هەنگاوی گەورە و كاریگەرمان ناوە، دڵنیام لە داهاتووشدا بە رۆحێكی كۆڵنەدەرانەی یەكێتییانە و كوردانەوە سەركەوتنی گەورە تۆماردەكەین، هەولێر خاكی پیرۆزی كوردستانە و موڵكی هەموو ئەوانەیە كە بە دڵ كوردستانیان خۆشدەوێت نەك ئەوانەی لەپێناو بەرژەوەندیی تەسكی ‌حزبی و كەسیدا بەكاریدەهێنن.

بابەتی پێشتر

شاری ڤێنیسی ئیتاڵیا بۆچی لەناو ئاودا دروستکراوە و چۆن وەستاوە؟

بابەتی دواتر

رێبوار تەها: کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دەکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share