كەسانی باڵابەرز زیاتر تووشی شێرپەنجە دەبن.. هۆكارەكەی چییە؟

“سندوقی جیهانیی توێژینەوەكانی شێرپەنجە” بەڵگەیەكی بەهێزی ئاشكراكرد لەسەر ئەوەی كەسانی باڵابەرز زیاتر لە بەردەم مەترسیی تووشبووندان بە نەخۆشیی شێرپەنجە.

بەپێی سندوقەكە باڵابەرزەكان زیاتر لە بەردەم ئەگەری تووشبووندان بە شێرپەنجەكانی پەنكریاس، ریخۆڵە، منداڵدان، هێلكەدان، پرۆستات، گورچیلە، پێست و مەمك.

شێرپەنجە هۆكاری سەرەكیی مردنە لە سەرتاسەری جیهاندا، تەنها لە ساڵی 2020دا هۆكاری مردنی نزیكەی 10 ملیۆن كەس بووە، بە واتای نزیكەی مردنی كەسێك لەنێو شەش حاڵەتی مردندا، بەپێی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.

توێژینەوەیەكی پێشوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاشكرایكرد كە 15 لە كۆی 17 حاڵەتی شێرپەنجە كە پشكنینیان بۆ كردوون، دەریخستووە چەندێك باڵات بەرزبێت، ئەوەندە ئەگەری تووشبوونت بەو نەخۆشییە زیاددەكات.

بەپێی توێژینەوەكە هەر زیادبوونێكی باڵا بە بڕی 10 سانتیمەتر، مەترسیی تووشبوونت بە شێرپەنجە بە رێژەی 16% زیاددەكات.

بەپێی توێژینەوەیەكی دیكە 22 لە كۆی 23 حاڵەتی شێرپەنجە لەنێو كەسانی باڵابەرزدا بووە بەراورد بە كەسانی باڵاكورت.

هۆكار چییە؟
پەیوەندیی نێوان درێژی و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەتەوە و ئاستە جیاوازەكانی داهاتدا بەدیكراوە، ئەوەش لەو توێژینەوانەدا كە تاوتوێی بۆماوەییەكانی پەیوەندیدار بە باڵابەرزییان كردووە، وەك ئەوەی سایتی “Theconversation” بڵاویكردووەتەوە.

ئەنجامەكەشی ئاماژە بۆ هۆكارێكی بایۆلۆجیی لە پەیوەندیی نێوان شێرپەنجە و باڵابەرزی دەكات، بەپێی سایتی “ساینس ئەلێرت”.

لەكاتێكیشدا بەڕوونی ئەو هۆكارە دیارنییە، دوو تیۆری بەهێز لەو بارەیەوە هەن. یەكەمیان پەیوەندیدارە بەو راستییەی كەسانی باڵابەرز خانەی زیاتریان هەیە.

زانایان باوەڕیانوایە شێرپەنجە زیاددەكات لەڕێی كەڵەكەبوونی زیانی جیناتەكان كە دەشێت لەناو خانەدا رووبدات كاتێك بۆ دروستكردنی خانەی نوێ دابەشدەبێت.

چەندێك ژمارەی دابەشبوونە ناوخۆییەكانی خانە زیادبكات، ئەگەری روودانی زیانی بۆماوەیی و گۆڕینی بۆ خانەی نوێ زیاددەكات.

چەندێكیش زیانەكان كەڵەكەبن، ئەگەری زیادبوونی شێرپەنجە زیاددەبێت.

بەوەش ئەو كەسەی جەستەی لە خانەی زۆرتر پێكهاتبێت، دابەشبوونی خانەكانی زیاترە و بەوەش ئەگەرەكانی زیادبوونی شێرپەنجە لە یەكێكیاندا زۆرتر دەبێت.

تیۆرییەكی دیكە هەیە دەڵێت، فاكتەرێكی هاوبەش هەیە كە وادەكات خەڵك باڵابەرز بێت و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی زیادبكات، ئەوەش پەیوەندی بە هۆرمۆنێكەوە هەیە كە پێیدەوترێت هۆكاری گەشەی (IGF-1).

ئەم هۆرمۆنە یارمەتیی منداڵ دەدات لەسەر گەشە و دواتریش رۆڵی گرنگی دەبێت لە هاندانی گەشەی خانەكان و دابەشبوونی لەنێو پێگەیشتوواندا.

هەندێك توێژینەوە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئەو كەسانەی ئاستێكی بەرزی (IGF-1)یان هەیە، زیاتر لە ئاستی ناوەند، مەترسیی زیاتریان هەیە تووشی شێرپەنجەی مەمك یان پرۆستات ببن.

بەڵام جارێكی دیكە، ئەم ئەنجامە بۆ سەرجەم جۆرەكانی شێرپەنجە نەبووە.

بەڵام هەردوو شیكردنەوەكە خاڵێكی هاوبەشیان هەیە لە رووی زیادبوونی تووشبوونی باڵابەرزەكان بە شێرپەنجەوە.

چی بكرێت؟
باڵابەرزی بە “بڕێكی كەم” مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەكات، بەڵام چەندین هۆكار هەن كە دەتوانرێت ئەنجامبدرێن بۆ كەمكردنەوەی ئەگەرەكانی تووشبوون.

بۆ ئەوەش پێویستە سیستمێكی خۆراكیی تەندروستت هەبێت، بەشێوەیەكی رێكخراو و بەردەوام وەرزش بكەیت، كێشت لە ئاستێكی تەندروستدا بێت، ئاگاداربیت بەرامبەر زیانەكانی تیشكی خۆر، سنوور بۆ خواردنەوە كحولییەكان دابنێت و جگەرە و هاوشێوەكانی نەكێشیت.

بابەتی پێشتر

عێراق مووچەی مانگی ئاب دابەشدەکات

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەك.. دەتوانرێت رێگری لە 40%ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە بکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share