یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، سبەی وەفدێكی هونەری و دارایی لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری و بودجە و چاودێریی دارایی هەرێم بۆ بابەتی مووچەی مانگی حەوت دەچنە بەغداد.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، بۆ بەرچاو روونیی هاوڵاتییان و مووچەخۆران وەك بەڵگە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكارنییە لە دواكەوتنی مووچە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 549 ملیار و 572 ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی كە تایبەتە بە مووچەی مانگی هەشت لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم چاوەڕێی تەموویلی تەواوی مووچەخۆران بوو بۆ مانگی حەوت.
دەشڵێت، ” وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی مووچەی مانگی ئابی رەوانەی بەغداد نەكردووە چۆن وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئابی نارد كاتێك پرسیاریان لێكرا وتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی حەوت و مووچەی مانگی هەشتمان بۆ ناردوون”.
باسی لەوەش كردووە، بەغداد ئەمەی بەرامبەر هەرێم دەیكات تەواو سیاسی و هیچ بنەمایەكی هونەری و كارگێڕی و یاسایی نییە، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی حەوت كە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتی نارد؟
راشیگەیاندووە، “سبەی وەفدێكی هونەری و دارایی لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری و بودجە و چاودێریی دارایی هەرێم بۆ بابەتی مووچەی مانگی حەوت دەچنە بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراقدا كۆدەبنەوە”.