وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر بە پشتبەستن بە راسپاردەکانی لیژنەی قەیرانی حەج مۆڵەتی 36 کۆمپانیای گەشتیاری هەڵوەشاندەوە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر رایگەیاند، ”مۆڵەتی 36 کۆمپانیای گەشتیاریمان هەڵوەشاندەوە کە سەلمێنراوە بڕگەکانی یاسای رێکخستنی گەشتەکانی حەج و عومرەیان پێشێلکردووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی لیژنەی قەیرانی حەج کە دوای ئەوە پێکهێنرا سەدانی حاجی میسری لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا لە سعودیە گیانیان لەدەستدا”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ”ئەو کۆمپانیایانە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی رێکنەخراو لە رێگەی ڤیزەی گەشتیارییەوە رێوڕەسمی حەجیان بۆ هاوڵاتییان رێکخستووە لە کاتێکدا خودی خاوەنی ئەو کۆمپانیایانە رێگەیان پێنەدراوە حەج بکەن، ئەمەش بە پێشێلکردنی ئەو رێکارانەی کە کاری پێدەکرێت لەنێوان قاهیرە و ریازدا دادەنرێت”.
لە مانگی حوزەیراندا سعودیە گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 301 حاجی لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا راگەیاند کە 83%یان رێگەپێدانیان بۆ ئەنجامدانی حەج پێنەبوو و زۆربەیان میسڕیش بوون، هاوکات دوای ئەو رووداوە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیرانی میسر بۆ لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان پێکهێندرا.