نەتەوە یەکگرتووەکان: بەخێرایی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ڕابگیرێت

ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سێیەمجار نەیتوانی لەبارەی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ڕاگەیەندراو بڵاوبكاتەوە، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش جەختی لە بەپەلە ڕاگرتنی هێرشەکان کردەوە.

دوێنێ یەکشەممە، لەسەر داوای بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ئەنجامدا، تیایدا ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لە بەپەلە ڕاگرتنی هێرشەکان کردەوە.

لە میانی وتارێکیدا لە کۆبوونەوە بەپەلەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕایگەیاند، “پێویستە ئەو گرژییانەی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەیە، بە سەرجەم کردەوە سەربازییەكان لە ئیسرائیل و غەززەوە، ڕابگیرێن”.

گۆتیرێش دەڵێت، بەردەوامیی هێرشەکانی هەریەکە لە ئیسرائیل و فەڵەستین بۆسەر یەکتر “زۆر مەترسیدارە”، ئاشکراشیکرد کە “شۆکبووم” بە زۆریی ژمارەی قوربانییە سڤیلەکانی فەڵەستین، بەتایبەت منداڵان و ژنان.

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، “تەنها ڕێگا لەبەردەم هەردوولادا دانوستان و گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و داننانە بەیەکتردا، لەپێناو مانەوەی هەردوو دەوڵەت بەتەنیشت یەکەوە و ژیانی هاوڵاتییەکانیان بە ئاشتی و ئاسیش، هەروەها داننان بەوەی قودس پایتەختی هاوبەشی هەردوو دەوڵەتەکەیە، بە ڕێککەوتن لەسەر بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنەکانی پێشوو”.

جەختیشیکردەوە، بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە کەرتی غەززە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئەمنی و مرۆیی، کە دواتر هەموو وڵاتانی ناوچەکە ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

گۆتیرێش سوربوو لەسەرئەوەی پێویستە ئەو کوشتارە بەخێرایی ڕابگیرێت، داواشی لە هەموو وڵاتان کرد هەوڵبدەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هانی هەردوولا دەدات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەسەرجەم کەناڵە دیپلۆماتییەکانی لە هەوڵدایە بۆ ڕاگرتنی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

لیندا تۆماس گرینفێڵد لە کۆبوونەوەکەدا وتی، “سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهو و سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس پەیوەندیی تەلەفۆنی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئەنجامداوە، هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەری ئەمریکا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیی ئەنجامداوە”.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە دیپلۆماتی و میدیاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەمریکا بۆ سێیەم جارە ڕێگرە لەبەردەم دەرچوونی ڕایەندراوێکی هاوبەش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.

ئەمریکا دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا جەختیکردووەتەوە لەوەی پێویستە کاتی زیاتر بدرێت بە هەوڵە دیپلۆماتییەکان.

هەروەها ڕیاز مالیکی، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین ڕایگەیاند، “پێویستە بەرەیەکی نێودەوڵەتی پێکبهێنرێت دژی ئەو تاوانانەی ئیسرائیل بەرامبەر گەلی فەڵەستین ئەنجامیدەدات”.

وەزیری دەرەوەی فەڵەستین دەڵێت، “ئیسرائیل باڵەخانە و شوێنەکانی خاپوورکردووە، هەزاران هاوڵاتیی فەڵەستینیی بێ ماڵوحاڵ کردووە، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و دادگای نێودەوڵەتی دژی ئەو پێشێلکارییانەی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینی داگیرکراو بێنەدەنگ”.

لای خۆیەوە گیلاد ئێردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایش وتی، “وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو هێرشانەیە، کە حەماس بەبێ جیاوازی بۆسەر ناوچەکانمان ئەنجامی دەدات، وەڵامدانەوەکانیشمان بەتەواوی پەیوەستە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، ئیسرائیلیش هەوڵی زۆر دەدات بۆئەوەی پارێزگاری لەوە بکات نەبێتە هۆی زیانی گیانی”.

باڵیۆزی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، “ئیسرائیل موشەکەکانی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی منداڵان، بەڵام حەماس منداڵان بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی موشەکەکانی”.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بۆ ماوەیەك چووە سەروو 69 دۆلار

بابەتی دواتر

لەماوەی 24 کاتژمێردا دوو کرێکاری بیانی لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share