رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ فەلاح خەلیل، قائیمقامی کەرکوک بەدواداچوون دەکات بۆ میکانیزمەکانی پەسەندکردنی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان و داوای کردووە رەچاوی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتییانی شارەکە بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ قائیمقامی کەرکوک و سەرپەرشتیارانی مۆلیدەی گەڕەکانی کەرکوک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیکردەوە پێویستە رەچاوی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیانی کەرکوک بکرێت و کاربکرێت بۆ ئەوەی نرخێک دیاری بکرێت کە لەگەڵ کەرکوک و خەڵک و هاوڵاتییان بگونجێت.
رێبوار تەها وتیشی، “پێویستە لەگەڵ خەڵک و کەسوکارماندا بین و هەست بە ئازارەکانیان بکەین و بەدواداچون بکەین بۆ کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێر لە هەموو گەڕەکێکی کەرکوک لەپێناو گەرەنتیکردنی خزمەتی هاوڵاتییان و هەوڵدان بۆ دانانی نرخێکی گونجاو، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان و پچڕانی کارەبا و کێشە هونەریەکانی بەردەم تۆڕی نیشتمانی”.