بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ساڵرۆژی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رایگەیاند، یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێکەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان.

ئەمڕۆ هەینی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵرۆژی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا سەردانی گردی زەرگەتەی کرد و دواتریش لە پەیامێکدا رایگەیاند، “لەساڵیادی ژیانئاوایی کاک نەوشیروان، یەکێک لە هەڤاڵانی تێكۆشەری دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوڕێی سەرۆک مام جەلال، سەری رێز و وەفا لەبەردەم مێژووی پاکی دادەنەوێنم و ئەم رۆژە پڕخەمە بە شکۆوە بەرز رادەگرم”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “کاک نەوشیروان بیرمەند، سیاسەتمەداری کوردەواری و سەرکردەی شۆڕشی نوێ، قوتابخانەیەک بوو لە بیری نوێ، رۆشنفکری، بوێری و رچەشکێنی کاریزمایی رێکخراوەیی کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتیدا رۆڵی رابەرایەتی دەگێڕا و بەشێکی گرنگی سەرخستنی خەباتی چەکداریی گەلەکەمان بوو.

‏‎هەر لە پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە،”ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر دەمەوێت بۆ گۆڕان قسە بکەم، کاتێک کێوێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان مێژوو و ناسنامەتان بێت، هەست بە ئومێد دەکەم و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو، کەواتە ئەمە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر”.

باسیلەوەشکرد، ” کاک نەوشیروان باوک بوو، نەک تەنها بۆ منداڵەکانی بەڵکو باوک بوو بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان، کاتێک باوکێکی وەک کاک نەوشیروان کە شاخێک بوو لە ورە، لەبەرامبەر رەشەبادا کێوێک بوو لە دڵنیایی و لە سێبەرەکەیدا ئارامی دەبەخشی، لە فکریشدا ئومێدی پێدەبەخشیت، بێگومان لە دەستدانی ئازاربەخشە، بەڵام بیروباوەڕی هاندەرە بۆ بەردەوامی، من لە ئازاری بێباوکی بۆ نەوەکانی و گۆڕان تێدەگەم چونکە من و کاک قوباد بەو ئازارەدا تێپەڕین”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی هیوای خواستووە، گۆڕان و یەکێتی ئەو شاخە بن بۆ میللەتەکەمان، چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پرۆژە و هەنگاوی سیاسی ژیانیان، سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە.

سەرۆکی یەکێتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەی ئاشکراکردووە، ” یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان، گومانم نییە کە دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین و پێکەوە تەواویان بکەین، ئەمەش رێگا دروستەکەی خەبات و گەیشتنە بە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان”.

بابەتی پێشتر

ئۆتۆمبێل هاوڵاتییەکی 111 ساڵی کرد بە ژێرەوە و گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share