وەزارەتی دارایی هەرێم: زیادكردنی ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە راستییەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “پەتی درۆ كورتە” و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لەلایەن كەناڵێك و چەند پەیج و كاندید و بەناو چالاكوانێكەوە، دەستكراوە بە بڵاوكردنەوەی چەند داتا و زانیارییەكی ناڕاست و چەواشەكارانە، گوایە بە فشاری بەغداد ئەم مانگە ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچەی مانگی تەمموز لابراون، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی ئەو مانگە بە نایاسایی بۆ لیستی مووچە زیادكراون و بۆ ڕای گشتی و سەرجەم راگەیاندن و میدیای كوردستان رووندەكەینەوە، زیادكردنی ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە راستییەوە”. لە راستیدا لیستی مووچەی مانگی تەمموز بەم جۆرەیە:

1. كۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لیستی مانگی تەمموز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین) بریتییە لە یەك ملیۆن و 132 هەزار و 390 مووچەخۆر لە كاتێكدا كۆی ژمارەی مووچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە: یەك ملیۆن 132 هەزار و 967 مووچەخۆر كە وەزارەتی دارایی عێراق دوای وردبینی تەموویلی بۆ خەرجكردوون، ئەمەش دەریدەخات كە لیستی مووچەی مانگی تەمموز كە تائێستا تەموویلەكەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرجنەكراوە 577 مووچەخۆری كەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، كە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشینكراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەكانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی مووچەی خانەنشینان.

2. تەموویلی كۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تەمموز دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج و لێدەركردنی بودجەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان كە بڕەكەی 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە و بریتییە لە 956 ملیار و 876 ملیۆن دینارە كە ئەوەش نزیك و هاوشێوەی تەموویلی مانگەكانی رابردووە، كە وەزارەتی دارایی عێراق دوای وردبینی تەموویلەكەی خەرجكردووە.

3. لەكاتی دووبارەبوونەوەی ئەم درۆ و چەواشەكارییانە، لایەنی چەواشەكار دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكات كە رووبەڕووی دادگاییكردن و یاسا ببێتەوە، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین سكاڵای یاسایی تۆماربكەین لەسەر هەر كەس و لایەنێك كە هەواڵ و زانیاریی ناڕاست بڵاوبكاتەوە.

بابەتی پێشتر

كێشەیەكی نوێ بۆ مووچە دروستبوو بەغداد داوای پارە لە هەرێم دەكاتەوە

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share