تەندروستیی سلێمانی هۆشداریی بە هاوڵاتییان دەدات و داوایەکیان لێدەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، هۆشداریی بە هاوڵاتییان دەدات و دەڵێت، خۆتان لە خواردنی سەوزە بپارێزن، چونکە ژمارەیەک نەخۆش لە سلێمانی لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە ئەگەری ئەوەیان هەیە نەخۆشی کۆلێرا بن.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لەگەڵ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدان لەبارەی فراوانکردنی بەشی پێشوازیی نەخۆشخانەکە ئەنجامدا و لە بەشێکی کۆنگرەکەدا قسە لەسەر نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون و کۆلێرا کرا.

د. سەباح هەورامی رایگەیاند، ئەوەی پێویستە هاوڵاتییان خەمی لێ بخۆن لە ئێستادا، نەخۆشی کۆلێرایە نەوەک نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی ئەوەی چەند حاڵەتێک لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە ئێمە گومانی کۆلێرایان لێدەکەین، چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامەکانین لە بەغداوە بگەڕێنەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین، بەهیچ جۆرێک ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەکارنەهێنن کە لەلایەن قائیمقامییەتەوە رێگەپێنەدراوە.

لەبارەی خواردنی سەوزەشەوە، رایگەیاند، تکا لە هاوڵاتییان دەکەین، ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن، چونکە پشکنینمان کردووە و دەرکەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەکان و مارکێتەکان هەیە زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاو نین.

دکتۆر سەباح هەورامی دووپاتیشیکردەوە، لەماوەی داهاتوودا رێکاری دیکە دەگیرێتەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێم.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی كۆبووەوە

بابەتی دواتر

راگەیەندراوێك لە ئاسایشی هەولێرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share