وەزیری ژینگە و پلاندانانی شارەکانی تورکیا رایگەیاند، 600 هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون کە نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، لە یەکەم ساتی روودانی بوومەلەرزەیەکدا کە رەنگە ئیستانبوڵ بگرێتەوە مەترسی رووخانیان لەسەرە.
موراد کوروم، وەزیری ژینگە و پلاندانانی شارەکانی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”ئەمڕۆ شیکاریی مەترسیەکانمان لە 39 ناوچەی ئیستانبوڵ تەواو کرد و پشتڕاستمان کردەوە کە یەک لەسەر پێنجی کۆی ژمارەی ماڵەکانی ئەم شارە کە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار ماڵە، مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ ناکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو، ”600 هەزار ماڵ لە یەکەم ساتی روودانی بوومەلەرزەیەکدا مەترسی رووخانیان لەسەرە، ئەوەش واتا دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا ژیان بەسەر دەبەن”.
پێشتر هالوک ئیدۆغان، مامۆستای بوومەلەرزەزانیی تورکیا ئەوەی خستبووەڕوو، ”پێشبینی روودانی بووەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستانبوڵ و ناوچەی دەریای مەڕمەڕە دەکەن بە گوڕی زیاتر لە 7 پلە کە لێکەوتەکانی کاریگەری خراپی لەسەر هەموو تورکیا دەبێت”.
بەپێی راپۆرتێکی ئەنجومەنی شارەوانیی ئیستانبوڵ، لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە، لانیکەم 90 هەزار باڵەخانە لە شارەکەدا دەڕووخێن و رەنگە نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی پێویستیان بە نیشتەجێبوونی کاتی هەبێت، هاوکات کۆمپانیاکانی بیمە مەزەندە دەکەن کە زیانەکانی بوومەلەرزەکە 325 ملیار دۆلار تێپەڕێنن.