قسەی ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆن لەبارەی ئاگرەكانەوە.. پیلانگێڕی و كەمتەرخەمی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە بەردەوامی باس لە پیلانگێڕی دەکات دژی خودی خۆی و حکومەتەکەی، تەنانەت لەمدواییانەدا ئاگری دارستانەکانی تورکیای بە پیلانگێڕی ناوبرد، لەبەرامبەردا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دادەنێن.

لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی فەرمیی ئەنادۆڵی تورکی ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە هەوڵدراوە ئاگر لە یەکێک لە دارستانەکانی نزیک لە بارەگایەکی سەربازی لە پارێزگای ئیزمیری ڕۆژئاوای وڵات بەربدرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس نەیانتوانیوە ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە هەوڵی کردنەوەی ئاگرەکەیان داوە.

حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا گومان لەو دەنگۆیانە دەکەن کە ئاژانسەكە بانگەشەی بۆدەکات، ئەوان ئەردۆغان تۆمەتبار دەکەن کە تەنها گرنگی دەدات بە گەشەپێدانی ئەنقەرەی پایتەخت و ئیستانبوڵی دووەم گەورەشاری وڵاتەکە، لەبەرامبەردا ناوچەکانی دیکەی پشتگوێخستووە و شکستیهێناوە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی تورکیا، کە زیانێکی زۆری بە ڕووبەری سەوزایی ئەو ناوچانە گەیاندووە.

بەپێی سەرچاوەکانی دوو گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا (پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە) و (پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە)، ئەو بانگەشە و دەنگۆیانەی ئاژانسی ئەنادۆڵ بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکانی حکومەت و سەرۆکی تورکیایە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لەپاراستنی موڵک و بەرهەمی جوتیاران و وەبەرهێنەران، بەشێک لە ئاگرەکە نزیکە لە ناوچە و شوێنە گەشتیارییەکان و خاوەنەکانیان ناچارکردووە بە داخستنی شوێنە گەشتیارییەکانیان.

غەسان ئیبراهیم ڕۆژنامەنووس و شیکەرەوەی سیاسی لە بواری تورکیا ڕایگەیاند، “ئەو ئاگرەی لە تورکیا کەوتووەتەوە یەکێکە لەو قەیرانانەی کە تورکیا لەسەردەمی ئەم حکومەتەکەی ئەردۆغاندا ڕوبەڕووی بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت بەرپرسیارێتیی ئاگرەکە بە پیلانگێڕی و بەهانەی جیاواز بخاتە سەرشانی کەسانی دیکە، بەڵام لە جیهاندا بەرپرسیارێتی ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانەکان دەکەوێتە سەرشانی سەرۆکی وڵات بە پێشکەشکردنی هەنگاوەکانی چارەسەر”.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵیت، بەڵام ئەردۆغان هەوڵی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی سەرشانی دەدات وەک کەسی یەکەمی وڵاتەکە، ئاگری دارستانەکانی وڵاتەکەی بۆ پیلانگێڕی دەگێڕێتەوە، بەوهۆیەوە هاوڵاتییانی تورکیا کە لەو ناوچانەن ئاگرەکان گرتوویەتییەوە، توڕە و بێهیوان، ئەوان پێیانوایە حکومەتی وڵاتەکەیان تەنها وەبەرهێنان لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ دەکات و ناوچەکانی دیکەی پستگوێخستووە، بەتایبەت لەئێستادا جیاوازی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا دەکرێت بەپێی ناوچەکان.

ئەمجارەش ئەردۆغان تاوانی ئاگرەکەی دایە پاڵ کەسانی دیکە و هەوڵدەدات بەرپرسیارێتییەکەی بەدەر لەخۆی، کەسی لایەنی دووەم هەڵیبگرێت، وەک چۆن پێشتر لە زۆرینەی ڕووداو و قەیرانەکاندا پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبارکراون بەوەی لەپشت ئەو ڕووداوانەوەن، هەروەها لە ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی حکومەتەکەی ئەردۆغاندا، فەتحوڵا گیولەن بە تێکدانی ئاسایش و دروستکردنی نائارامی لە وڵاتدا تۆمەتبارکراوە.

بابەتی پێشتر

ئەو كەشتییەی گوماندەكرا ئێران ڕفاندبێتی، سەلامەتە

بابەتی دواتر

 لەمەودوا پسووڵەی كارەبا زووتر دەگەڕێتەوە بۆ هاوبەشان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share